لیوا ئەیوب: پەشیمانمان ئەكەنەوە لەو خەبات و تێكۆشانەی كردمان

کوردستان

11/09/2023     ژمارەی بینراو 1140

راچڵەكین- 

 

لیوا ئەیوب یوسف سەعید لێپرسراوی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای 3 و 7ی تایبەتی هێزەكانی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، بارودۆخی خراپ و ناهەمواری كوردستان و دۆخی هاوڵاتیان و فەرمانبەران رۆژ بەدوای رۆژ بەرەو خراپی دەڕوات، ئەوان خەباتیان بۆ ئەم ڕۆژە نەكردوە كە ئاوا زەلیلی كورد ببینن، بەڵكو كردیان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و مافە ڕەواكانی گەلی كورد، بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ پەشیمانیان ئەكەنەوە لەو خەبات و تێكۆشانەی كرددیان. 

لیوا ئەیوب یوسف سەعید لەپەیامێكدا كە ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردوە رایگەیاندوە، "بارودۆخی خراپ و ناهەمواری كوردستان و دۆخی هاوڵاتیان و فەرمانبەران و كاسبكاران ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپی ئەڕوات، دو لایەنی و یەك نەگرتویی كورد و حیزبایەتی هەمو ئینتیمایەكی لەناو بردوە، كوردستانمان لە دۆخێكی پڕ تەنگەژە و قەیراندایە لە هەمو ڕویەكەوە كە بەرەو كاول بون ئەچێت، ئەوەی زیاتر لە  50 ساڵە هەوڵی بۆ ئەدەین و خوێنمان بۆ ڕشتوە بە ساتێك لەدەستمان ئەچێت بە جۆرێك كە سەدان ساڵیتر بۆمان چاك ناكرێتەوە، خەریكە ئەبینە نمونەیەكی ناشیرینی حكومرانی لەسەر ئاستی جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت".

بە وتەی لیوا ئەیوب"پشتگوێخستن و ئاوڕ نەدانەوە لە بیرو ڕایگشتی جەماوەر و دابین نەكردنی مافە سەرەتاییەكانیان ئاماژەیەكی خراپە بۆیە تكایە چاوێك بە دۆخی كوردستان و هاوڵاتیاندا بخشێننەوە، بە یەك نەگرتویی و پێك نەهاتن و ڕێك نەكەوتن ڕیسەكە مەكەنەوە بە خوری، ناكۆكی و جیاوازیەكانتان لاخەن و ناوماڵی كورد یەكبخەن بە دەست لەناو دەستی و تەبایی و برایەتی".

لێپرسراوی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای 3 و 7ی تایبەتی هێزەكانی پێشمەرگە دەڵێت"حكومەت نوێنەری خەڵكە نەك نوێنەری یەكێتی و پارتی و لایەنەكانیتر بۆیە حیزبایەتی بخەنە لاوە و لە بارەگاكانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیدا حیزبایەتی بكەن، بەڵام لە ناو بینای حكومەتدا نوێنەری راستەقینەی خەڵك بن، ئێمە خەباتمان بۆ ئەم ڕۆژە نەكردوە كە ئاوا زەلیلی كورد ببینین بەڵكو كردمان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و مافە ڕەواكانی گەلی كورد وەك هەر گەلێكیتر كە مافیان هەیە خاك و وڵاتیان هەبێت و حكومەت و دەسەڵاتی هاوزمانیان هەبێت كەچی ڕۆژ بەڕۆژ پەشیمانمان ئەكەنەوە لەو خەبات و تێكۆشانەی كردمان".

لیوا ئەیوب یوسف سەعید رایگەیانووە "جامەكەمان خەریكە پڕ ئەبێت، ئیتر ڕێگا نادەین لە پێناو بەرژەوەندی خۆتان و تاكە كەس و لایەنێكدا دەستكەوتەكانمان وێران بكەن، هەمو دونیا چاوی لەسەر كوردە، ئەوە چەندین ساڵە وڵاتانی زلهێز سەرقاڵی یەك خستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و دامودەزگا دو لایەنەكانیترن كەچی ئێوە بۆ مەرامی خۆتان ئامادە نین هاوكاریان بكەن و دەست لە بەرژەوەندیەكانتان هەڵناگرن، وەرن بۆ یەك ڕۆژ سەیری دۆخی خەڵك بكەن، وەرن یەك كاتژمێر ببنە پێشمەرگە، ببنە فەرمانبەر، ببنە ئاسایش، ببنە پۆلیس یان كاسبكار، خۆتان بخەنە جێگای مناڵێكی شەهیدەوە یان دایكێكی جەرگ سوتاوەوە كە جەرگی خۆی بۆ ئەم خاكە بەخشیوە، وەرن بۆ یەك سات ببنە كاسبكار و كرێكار و لە دۆخ و گوزەرانی سەختی ژیانیان تێبگەن، وەرن بۆ ماوەیەك ببنە كرێنشین بزانن چەندە سەختە موچەیەك كە بە سێ مانگ وەری دەگریت بەشی كرێی خانوەكەت ناكات و مناڵە بێ تاوانەكانیشت چاویان لەدەستی تۆیە".

ئەو فەرماندەیەی هێزەكانی پێشمەرگە لە كۆتایی پەیامەكەیدا دەڵێت"كێ هەیە لە ئێوە بەو مووچە كەم و كاتە زۆرە بتوانێ ئیدارەی خۆی و خێزانەكەی بكات؟ تا كەی ئەتانەوێ ئاوا بەردەوامبن؟ تا كەی خراپ و خراپتری ئەكەن؟ پەتی ئارامیمان بەرەو پچڕان دەچێت".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن