راچڵەكین-
حكومەتی فیدراڵی مەرجی ئەوەی داناوە سەرپەرشتی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكات لە بەرامبەر ناردنی مووچەی دوو مانگ.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرچاوەیەكی باڵای فەرمی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی (بغداد الیوم)ی ڕاگەیاندووە:"بەپێی ئەو دەستەواژانەی لە ڕێگەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا دەستكەوتوون، ئاماژەن بۆ ئەوەی حكومەتی فیدراڵ مووچەی مانگەكانی ئاب و تەمموز بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت".
بە وتەی سەرچاوەكە:"حكومەتی فیدراڵی مەرجێكی هەیە بۆ ناردنی مووچەكە، ئەویش دابەشكردنیەتی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ كە دەبێت لەژێر چاودێری لیژنەیەك یان كەسێكدا بێت كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە پەسەندكراوبێت، ئەمەش بۆ یەكەمجارە لەدوای ساڵی 1990ەوە ڕوودەدات".
لەسەرەتای ئەم مانگەدا حكومەتی فیدراڵ بڕی 598 ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان نارد كە لێوەی حكومەتی هەرێم مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)ی فەرمانبەرانی هەرێمی دابەشكرد.