راچڵەكین -
كۆمپانیایەكی توركیا كە لە كەرتی نەوتی هەرێمدا كاردەكات، بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەكانی، كارەكانی رادەگرێت و كارمەندەكانیشی دەنێرێتەوە ماڵەوە.
سەردار محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قۆرەتوو، بە كوردسات نیوز-ی راگەیاندووە، كۆمپانیای (پیت ئۆیل)ی توركی، كە كاری دەرهێنانی نەوت لە كێلگەی چیاسورخ دەكات، بەهۆی خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، بەشێوەیەكی كاتی كارەكانی راگرتووەو 90% ی كارمەندەكانیشی ئاگاداركردووەتەوە لەسەرەتای مانگی داهاتوو نەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان.
بەڕێوەبەری ناحیەی قۆرەتوو ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆمپانیاكە داواكاری پێشكەش بە حكومەتی هەرێم كردووە بۆ خەرجكردنی شایستە داراییەكانی، بەڵام تائێستا وەڵامنەدراوەتەوە.
لە دوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ توركیا، كۆمپانیای پیت ئۆیل-ی توركی بەردەوام بووە لە دەرهێنانی نەوت لە كێڵگەی چیاسورخ، كە دەكەوێتە سنوری ناحیەی قۆرەتووی ناوچەی گەرمیان، رۆژانەش لەنێوان (1500 - 200) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە و رەوانەی پاڵاوتگەكانی هەرێم كراوە.