راچڵەكین-
هێزەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیركردنی ئەندامانی گرووپێكی چەكداری نایاسایی كە ناویان لەخۆیان نابوو (فەوجە خۆبەخشەكەی گەرمیان)، رادەگەیەنن.
بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە بڵاوكرایەوە"لە ئەنجامی هەوڵەبەردەوامەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە پێناو زیاتر چەسپاندنی یاسا و ڕێگریكردن لە هەموو كارێكی نایاسایی و تێكدەرانە و دابینیكردنی ئاسایش و ئارامی، هێزەكانی دەزگای ئاسایش، ئەمڕۆ ٢٠٢٣/٧/١٧ بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە، توانیان دوای ڕووبەڕوبونەوە ئەندامانی گروپە چەكدارە نایاساییەكە دەستگیر بكەن".
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە"ئەو گرووپە ببونە هۆی پشێوی و نائارامی لە ناوچەكە و هەستاون بە خۆنمایشكردن و وەرگرتنی سەرانە و هەڕەشەكردن و تەقەكردن و تۆقاندنی هاوڵاتیان".
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت"لە كاتی دەستگیركردنی چەكدارەكان، ڕووبەڕووی هێزەكانی ئاسایش بونەوە، لە ئەنجامدا دوو كارمەندی ئاسایش برینداربوون، كە هیوای زوو چاكبونەوەیان بۆ دەخوازین، لە كاتی ڕوبەڕووبونەوەكەدا دووان لە چەكدارەكان برینداربوون و یەك چەكدار گیانی لەدەستدا، لەئێستاشدا بە فەرمانی دادوەر بە ماددەی ١٥٦ لەیاسای سزادانی عێراقی ئەندامانی گروپە چەكدارەكە دەستگیركراون و ڕووبەڕووی یاسا كرانەوە".