"ئەستەمە ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت"

چاوپێکەوتن

06/06/2023     ژمارەی بینراو 676

راچڵەکین –
 
سەربەست ئامێدی، سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق پێی وايه‌ بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی نادەستووریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان ده‌بێته‌ هۆى دواكه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى هه‌رێم و دەڵێت: "ئه‌سته‌مه‌ ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنى هه‌رێم به‌ڕێوه‌ بچێت".

سەربەست ئامێدی، سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق پێی وایە بوونی کێشە و ناکۆکی نێوان پارتە سیاسییەکانی ھەرێم بووەتە ھۆی ئەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم کارا نەکرێتەوە و وتی: "ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ وادەکەی تەواوبووە، بەداخەوە پەرلەمانی کوردستان زۆر کەمتەرخەمبووە لە کاراکردنەوەی ئەم ئەنجوومەنە، پێویست بوو ھەر لە ساڵی ٢٠٢٠ یان ساڵی ٢٠٢١ ئەنجوومەنەکە کارا بکاتەوە بۆ ئەوەی نەگەیشتبووایە ئەو دۆخەی کە ئەمڕۆ ھەرێم تێیکەوتووە و دادگای فیدراڵی عیراق بڕیاری لەبارەی نادەستوریبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمیش چونکە دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بووە بۆیە بە هەڵوەشاوەیی ھەژمار دەکرێت".

رۆژی ٢٢ی دوای هەڵگرتنی دانیشتنی پەرلەمان، ئایار پارتی دیموکراتی کوردستان بەبێ رەزامەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ‌و لایەنەکانی دیکە، درێژەی بە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا و رایگەیاند کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستانی کاراکردووەتەوە.

ئامێدی پێیوایە کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عیراق لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە ھیچ بەھایەکی نییە، بۆیە دەمێنێتەوە سەر بڕیاری ھەرێمی کوردستان ئاخۆ پێیەوە پابەند دەبێت یان نا.

وتیشی: "ئەگەر ھەرێم پابەندی بڕیارەکە نەبێت و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێداگری بکات کە ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان پڕۆسەکە ئەنجام بدات، ئایا حکومەتی عیراق ئەنجامەکە قبوڵ دەکات؟، بە بۆچوونی من نەخێر، بۆیە باشتر وایە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق بکات و وادەیەکی دیکە دەستنیشان بکرێت بۆ ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم، چونکە ئەگەر ھەرێم بەبێ بەغدا و دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عیراق هەڵبژاردن ئەنجام بدات، لەلایەن ناوخۆی عیراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشەوە قبوڵکراو نابێت، بۆیەش ئەستەمە ئەمساڵ ھەڵبژاردنی ھەرێم ئەنجام بدرێت، پێموایە دەکەوێتە مانگی حوزەیرانی ساڵی داھاتووە و رەنگە زیاتریش دوا بکەوێت".

دادگای باڵای فیدراڵی عیراق رۆژی سێشەممە ٣٠ـی ئایاری ٢٠٢٣ لە راگەیەندراوێکدا، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بۆ ساڵی پێنجەم بە نایاسایی هەژمار کرد و تیاییدا ئاماژەی بەوەدابوو: "ھەموو ئەو بڕیارانەی دوای تەواوبوونی چوار ساڵی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراون، بە بڕیاری پوچەڵ ھەژمار دەکرێن".

سەبارەت بەو لێدوانەی چەند رۆژی رابردووی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق ئاماژەی بەوەدابوو کە ناتوانێت ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان و عیراق پێکەوە بەڕێوە ببات، سەربەست ئامێدی پێی وایە کە ئەمە وەکو فشارێکی سیاسین لە سەر ھەرێمی کوردستان و بەھانەیەکی لاوازە.

وتیشی: " ساڵی ٢٠٠٥ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق سێ ھەڵبژاردنی لە یەک رۆژدا ئەنجام دا، رۆژی ٢٥ ی تەمووزی ساڵی ٢٠٠٩ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق دوو ھەڵبژاردنی پێکەوە ئەنجامدا، لە ٣٠ی نیسانی ٢٠١٤ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق دوو ھەڵبژاردنی بەڕێوە بردووە، لە بەغدا لە دوای ٢٠١٤ەوە ھەر کەسێک کە دەسەڵاتی عیراق بگرێتە دەست وەکو رایەکی گشتی لێھاتووە کە دژی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و حکومەت و پەرلەمان و خەڵکەکەی کار دەکات، بۆیە ئەم دوا بڕیارەی دادگای فیدراڵی عیراق لەبارەی نادەستووریبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، ھەر بۆ ئەوەیە کە دەیانەوێت دۆخی ھەرێمی کوردستان تێکبدەن و ھەڵبژاردن لە ھەرێم نەکرێت و پەرلەمانەکەی ھەرێم بە ھەڵوەشایی بمێنێتەوە".

لە کۆبوونەوەی رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ درێژکرایەوە، لەکاتێکدا شەشی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ تەمەنی خولی پێنجەم کۆتایی دەھات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن