راچڵەكین -
دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا لەسەر دوو دۆسیەی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، سزای دارایی بەسەر فەرەنسادا دەسەپێنێت.
میدیاكانی فەرەنسا بڵاویانكردەوە، دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا، ئەو دوو دۆسیەیەی یەكلاكردەوە كە لە دژی فەرەنسا كراونەتەوەو تایبەتن بە مامەڵەكردنی نامرۆڤانە لەگەڵ ئەو منداڵانەی لە ناوەندی دەستگیركردن بۆ سنوورداشكردنەوە دەستبەسەركراون، بەو هۆیەشەوە بەبڕی 27 هەزار یۆرۆ، سزای دارایی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند.
دادگاكە، كە ناوەندەكەی لە شاری سترازبێرگ-ی فەرەنسایە، بڕیاری دا لەسەر دوو دۆسیەی كە لەلایەن دوو دایكی غینیای و ئەنگۆلاییەوە كرابوونەوە سەبارەت بە هەلومەرجەكانی راگرتن لە ناوەندی دەستگیركردنەكە.
دادگاكە ئاشكرایكردووە، یەكێك لەو دۆسیانەی لەدژی فەرەنسا كرابوونەوە، تایبەت بوو ژنێكی خەڵكی غینیا و منداڵە ساواكەی، كاتێك لە ساڵی ٢٠٢١دا بە بڕیاری پارێزگای باس-رهین بەمەبەستی سنوورداشكردنەوە بۆ ئیسپانیا، بە درێژایی نۆ رۆژ دەستبەسەركرابوون، بەلەبەرچاوگرتنی تەمەن و هەلومەرجی منداڵەكەی و ماوەی دەستبەسەركردنەكە، رووبەڕووی مامەڵەی نامرۆڤانە بوونەتەوە.
دۆسیەی دووەمیش تایبەت بووە بە ژنێكی خەڵكی ئەنگۆلا، كە بە فەرمانی هەمان پارێزگا لە ساڵی ٢٠٢٠دا بۆ ماوەی ١٠ رۆژ لەگەڵ هەرسێ منداڵە تەمەن هەشت مانگ و شەش ساڵ و ١٣ ساڵانەكەیدا دەستبەسەركراوە بەمەبەستی سنوورداشكردنەوەی بۆ پورتوگال و دووچاری هەمان مامەڵە بووەتەوە.
بەگوێرەی میدیاكانی فەرەنسا، دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەورووپا لە ساڵی ٢٠١٢ەوە تا ئێستا، ١٢ جار بەهۆی مامەڵەی نامرۆڤانەوە، سزای بەسەر فەرەنسادا سەپاندووە.