حاكم ڕزگار: لەبنەڕەتدا یاسای پێكهێنانی دادگای فیدراڵی عیراق نادەستورییە

چاوپێکەوتن

27/01/2023     ژمارەی بینراو 598

راچڵەكین-

دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین، ئەندامی پێشووی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان، دەڵێت، لەبنەڕەتدا یاسای پێكهێنانی دادگای فیدراڵی نادەستوورییە. دەشڵێت بەرپرسانی كورد، لە بنەڕەتدا "دركیان نەكردووە" بە بایەخی ئەو دادگایە لەسەر داهاتووی بڕیاردان لە عێراقدا.

رۆژی چوارشەممە، 25-01-2023، دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ژمارە هەشتی ساڵی 2022 و ژمارە (401، 257، 226، 194ـی ساڵی 2021)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراقی دەركرد كە پاڵپشت بوون بۆ ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان.

دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین ، لەبارەی پێكهێنانی دادگای فیدراڵی و نوێترین بڕیاری لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی تایبەت بەڕەوانەكردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندووە:" من پێوایە لە بنەڕەتدا یاسای دادگاكە یاسایەكی نادەستورییه،‌ چونكە بەپێی ماددەی (92) بڕگەی (2) لە دەستوری عێراق دادگاكە پێكنەهاتووە كە پێویستە شارەزا لە فیقهی ئیسلامی و یاساناس لە یاسا و دادوەری تێدابێت. ئەوەی لە ئێستادا كاری پێدەكات بێگومان ئەو یاسا دەستورییە نییە دەسەڵات و پێكهاتەكەی وەكو دەستور نییە. پێكهاتەی دادگاكە وەكو ماددەی (92) بڕگەی (2) دەستور نییه.‌"

وتیشی:" دادگاكە وەكو واقیعی هەیە ئەگەرنا بەپێی یاسایەكی نادەستوری دامەزراوە. هەرێمی كوردستانی كە خۆشی دەناڵێنێت بەدەستیەوە و ئینكاری لێدەكات ئەوانیش ئەندامیان هەیە لەوێ ئەندامەكانیشیان بەڕێگەی پشك لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دایە. وە بە سەپاندنی تەنانەت ئیرادەی بەغدادیش بەسەر هەرێمی كوردستاندا لە بابەتێكیاندا، دادگای دەستوریی باڵای فیدڕاڵی دەبێت پشكنین بۆ ئەو بڕیار و ڕێكارانە بكات كە دەستورین یان نا دەستورین.

- پێتوایە ئەم دادگایە كەوتۆتە ژێر كاریگەری سیاسی و هەستی نەتەوەیی لە بڕیارەكانیدا؟ حاكم ڕزگار لەوەڵامدا رایگەیاند:" پرسیارەكە هەڵەیە. خۆی تەنانەت ئاو وهەواش كەوتۆتە ژێر كاریگەری سیاسیەوە. كام دەزگایە هەیە لەعێراقدا لەژێر كاریگەری سیاسی نەبێت و بەپیشەیی تەواوی خۆی هەڵبسێت؟ هەموویان لەژێر كاریگەری سیاسیدان تەنانەت دانانیش بەپێی پشككاری دادەنرێت."

دادوەر دەبێت لەسەرو هەموو ڕەچاوكردنێكی مەزهەبی و نەتەوەیی بێت. من دەڵێم بابەتەكە بەدەر نییە لە كاریگەری پشكداری حزبی، مەرج نییە بەناوی مەزهەبەوە یان نەتەوەوە شتێك دەكات. بەڵام لە بابەتێكی ئاوادا كە پەیوەندی بە ژیان و ئابوری ناوچەیەكەوە هەیە دەبێت ئەم دادگایە هەڵوێستەكەی هەڵوێستێكی حقوقی-ماف بێت... كێشە هەیە لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغداد لەسەر ئەوەی هەرێم داهات نانێرێت. ئەوە نابێت ڕێگر بێت لەوەی شایستەی دارایی خەڵكی كوردستانی عێراقی بفەوتێنرێت. ئەوە بابەتێكە و ئەمەش بابەتێكی ترە، نابێت قوتی خەڵك ببێت بە بابەتێكی سیاسی.

بێبەش كردنی كۆمەڵێك خەڵك لە هەرێمێكدا یان هەرشوێنێكی عێراقدا لەوەی كە بێبەش ببن لە بودجەی عێراق نەدەستوریە و نەهاوڕایە لەگەڵ مافی مرۆڤ و نەكارەكەش مرۆڤانەیە...دادگای فیدڕاڵی بەتەنها دادگایەكی شكلی داخراوی بچوك نییه،‌ ئەقڵ بچوك نییە وابەستە بێت بە قەزیەی نێوان ژن و مێردێك كە لەیەكتری جیادەبنەوە. بەڵام من مەزەندە دەكەم ئەو دادگا فیدڕاڵیە بۆ دەوڵەتێك بێت كە تێیدا ڕێز لە دەستور بگرێت. دادگای دەستوری لە عێراقدا، بەپێی یاسای بنەڕەتی ساڵی ،1925 هەمیشە ئەو دادوەرانەی لەوێ دانراون دەبێت لە دادوەری دادگای تەمیز بن...عێراق بەڕاستی ئەزموونی لەسەر دادگای دەستوریی نییه.

- ئایا دادوەرە كوردەكان دەیانتوانی دژی ئەو بڕیارە بوەستنەوە؟ دەیانتوانی واژووی نەكەن؟حاكم ڕزگار دەڵێت:" لەناو دەستەی قەزاییدا بەزۆرینە و كەمینە بڕیار دەردەچێت، بەڵام هەموو دادوەرانەی لە دادگادان ئازادن لەوەی ڕای خۆی دەربڕێت و ڕای پێچەوانەكەشی خۆی ڕوون بكاتەوە. بڕیار كە دەردەچێت بە زۆرینەیە."

"من پێموایە هەر لە بنەڕەتدا هەرێمی كوردستان گوێی بەوە نەداوە كە دادگایەكی باڵای فیدڕاڵی دروست ببێت...بەبۆچوونی من هەرێمی كوردستان ئەو ئیدراكەیان نەبووە لەسەر بایەخی ئەو دادگایە. من بۆچوونم وابوو دەبێت ئەو بڕیارانەی دەردەچێت سەبارەت بە هەرێمەكان دەبێت ڕێژەیەكی بۆ دیاری بكرێت لە دەنگداندا نەك بە زۆرینە و كەمینە بێت. من كاتی خۆی ئاگاداری لایەنی سیاسیم كردۆتەوە بە نامەی تایبەتی لەوبارەیەوە."

- ئەگەر ئێوە ئەندامی دادگاكە بوونایە چیتان دەكرد وەكو دادوەرێكی كورد؟ حاكم ڕزگار دەڵێت:" هەڵەبەتە هەڵوێستی یاسایی خۆمم دەبوو لەناو دەستەكه.‌ پێویستە بە گفتوگۆی برایانە بۆ ڕاكێشانی رای ئەندامەكانی تر و بە گفتوگۆی یاسایی ڕازیكەر یەكەمجار ئەو ڕێگەیە بگیرێتەبەر، ئەگەر ئەو ڕێگەیە سەركەوتوو نەبوو ، ئەگەر من بوومایه،‌ لەوانەیە بهاتمایەتە دەرەوە لە دانیشتەكه.‌ بێگومان ڕوونكردنەوەشم دەدا چونكە بابەتێكی بەتەنها یاسایی نییه،‌ بەڵكو بابەتێكە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی ملیۆنەها خەڵكیەوە هەیە. پێویستە ڕوونیش بكرێتەوە ئەگەر پەیوەندی بە هاوڵاتیەكی بەسرە یان كوت و ڕومادیەوە هەبێت ئەگەر بڕوام پێی نەبێت بەرگری لەو خەڵكەی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش دەكەم وەكو دادوەر چونكە دادوەر دەبێت (مجرد) بێت. من بە دادوەری پشككاری باوەڕم نییە. دادوەر واتە ویژدان و یاسا چونكە قسەكردنە لەسەر دەستور و پاراستنی ماف و ئازادییەكان."

- بۆچی تۆ نەبوونە ئەندامی ئەو دادگایە لەكاتێكدا دادوەرێكی ناسراویت لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان؟ حاكم رزگار دەڵێت:" كاتێك كە دادوەر دادەنرێت لە دادگای فیدڕاڵی دەبێت لە لیهاتووترین و بەرزترین باڵای ئەو دادوەرانە بن كە لەعێراقدان. من نازانم بۆ دانەنراوم. هەڵەی ئەوانەیە كە بڕیاریانداوە بۆ دانانی دادوەرەكان. ناوەكەم نێردرابوو، بەڵام ناوی منیان گۆڕیوه.‌ ئەوە دەكرێت لە كاك دكتۆر بەرهەم ببپرسن كە ئەوكاتە سەرۆك كۆمار بووە و مەرسومێكی كۆماری واژوو كردووە ناوی منی تێدانەبووە لەكاتێكدا خۆی یەكێك بووە لەوانەی پشتگیری لەوە دەكرد من بچمە ئەوێ."

- دوای ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی چارەنوسی كورد بەكوێ دەگات ؟ ئەو دادوەرە كوردە دەڵێت:"ئەوە بابەتێكی سیاسیە و من نازانم. ئەو حزبانەی حوكمی كوردستان دەكەن با ئەوان بڕیاری تێدا دەربكەن."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن