ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی مەسرور بارزانی و برێت مەكگۆرك ئاشكرابوو

کوردستان

26/01/2023     ژمارەی بینراو 261

راچڵەكین –

مەسرور بارزانی و برێت مەكگۆرك بە تەلەفۆن قسەیان كردو پرسی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بودجەو هەروەها باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی-یان تاووتوێكرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەمە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە برێت مەكگورك، هەماهەنگیكاری كۆشكی سپی بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئافریقا‌، ‌پێگەیشت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، لە پەیوەندییەكەدا، برێت مەكگورك، تیشكی خستە سەردانی ئەم دواییەی بۆ بەغدا و هەولێر و گفتوگۆكانی سەبارەت بە  هەنگاوەكانی داهاتوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بودجە و پرسەكانی دیكە. هەروەها جەختی لە گرنگی یەكڕیزی لایەنە كوردستانییەكان و باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كردەوە.

لە پەیوەندییەكەدا، هەروەها بڕیاری ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت بە  ڕێگریكردن لە ناردنی ئەو بڕە پارەیەی كە بڕیار بوو لە لایەن حكومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی كوردستانەوە بنێردرێت تاوتوێ كرا. سەرۆكی حكومەت، نیگەرانی خۆی لە دەرچوونی بڕیارەكە دەربڕی كە ئامانجی تێكدانی كەشی  ئەرێنی و باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدایە و مەبەستێكی سیاسی لە پشتە .

هەماهەنگیكاری كۆشكی سپی بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئافریقا، پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم بەتایبەتی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها پێشكەوتنەكانی  كەرتی وزە و باشتركردنی ژێرخانی ئابووری و هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەش و هەوا دووپات كردەوە.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی نەهێشتنی هەموو بەربەستەكانی بەردەم گەشەپێدانی كەرتی وزە و وەبەرهێنانی زیاتری كۆمپانیا ئەمەریكییەكان لە هەرێمی كوردستان. هەروەها هاوڕابوون لە سەر ئەوەی لە پەیوەندی بەردەوامدا بن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن