ئاسایشی سلێمانی باندێكی تاوانكاری دەستگیر دەكات

کوردستان

08/01/2023     ژمارەی بینراو 282

راچڵەكین –

ئاسایشی سلێمانی باندێكی دزینی ئۆتۆمبێل ئاشكرادەكات و ئەندامەكانیان دەستگیردەكەن كە لەڕێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە خەڵكیان فریوداوە و كاری تاوانكارییان ئەنجامداوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردەوە، تێیدا هاتووە، دوای ئەوەی لەلایەن هاووڵاتییەكی بەڕەگەز عەرەب ئاگاداركرانەوە كە ئۆتۆمبێلەكەی لە جۆری ( تۆیۆتا هایلۆكس ٢٠٢٢ ) لە ناوشاری سلێمانی دزراوە، پاش ڕەزامەندی دادوەر دەستبەجێ هێزەكانی ئاسایش دەستیانكرد بەلێكۆڵینەوە و لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا سەرجەم ئەندامانی ئەو باندە، كە ژمارەیان سێ كەسە، دەستگیركران.

ئاسایشی سلێمانی، ئاماژەی بەوەكردووە، هەر سێ تۆمەتبار بەناوەكانی ( ع , ع ، م )، ( ه، ح ، ح ) و ( پ ، ك ، ح )، كە بە ڕەگەز كوردن و تەمەنیان لە نێوان (٣٠-٣٥) ساڵدایە،
بەپێی لێكۆڵینەوەكان كاری ئەم باندە فریودانی ئەوكەسانە بووە كە لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە مامەڵەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەكەن، بەو پاساوە ئەم فرۆشیارەیان لە شاری كەربەلاوە هێناوەتە سلێمانی و لەكاتی ( ترایی ) تاقیكردنەوەی ئۆتۆمبێلەكەی، لێی دەدزن.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەرجەم تۆمەتباران ڕووبەڕوی یاسا كراونەتەوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە و پاش تەواوبونی ڕێكارە یاساییەكان، ئۆتۆمبێلەكە دەگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەكەی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن