راچڵەکین –
سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بڕیایریدا نەچێتەوە سەر کارەکەی تا ئەو کاتەی پارێزگاری هەڵەبجە روونکردنەوە لەسەر خراپ بەکارهێنانی بڵندگۆی بەڕێوەبەرایەتییەکەی نەدات و دەشڵێت: "درۆیان لەگەڵ کردم".
شەوی رابردوو لەسەر بینای شارەوانی هەڵەبجەوە بە بڵندگۆ بەناوی یەکسانی ژن و پیاوەوە هەندێک دەستەواژەی دژ بە ئایین بڵاوکراوەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، عەبدولحەكیم نەجیب، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە روونکردنەوەیەکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت ئەو کەسانەی کە داوای مۆڵەتیان لێکردووە بۆ بەکارهێنانی بڵندگۆ لە سەر بینای شارەوانی درۆویان لەگەڵ کردووە، هەر بەو هۆیەشەوە بڕیاریدا نەچێتەوە بۆ سەر کارەکەی تا ئەو کاتەی پارێزگاری هەڵەبجە روونکردنەوە دەدات.
دەقی روونکردنەوەکەی سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە:
بەپێویستم زانی ئەم روونکردنەوەیە بدەم ماوەیەک لەمەوپێش لەلایەن سکرتێری پارێزگارەوە ئاگادار کرام کەوا لیژنەیەک لە نوسینگەی کاک قوبادەوە یەنە لات نوێنەری پارێزگاشیان لەگەڵە پاش هاتنی لیژنەکە لەگەڵ نوێنەری پارێزگا خۆیان ناساند کەوا لەلایەن نوسینگەی بەڕێز کاک قوبادەوە هاتوون و دەیانەوێ پەخشێکی دوو دەقەیی لە سێ کاتی جیاوازدا بۆ پاڵپشتی ژنان بکەن.
کاتێ کە پەخشکرا ئەوە نەبوو کە بە منیان وت و درۆیان لەگەڵ کردم و پەخشەکە لەگەڵ کولتور و دابونەریتی ئێمە ناگونجێت. لەبەر ئەوە هەر ئەمشەو سکاڵام لە سکرتێری نوسینگەی پارێزگار تۆمار کرد و لە سبەینێشەوە ناچمە سەرکار تا لەلایەن پارێزگارەوە روونکردنەوە لەسەر بابەتەکە نەدرێت!
عەبدولحەكیم نەجیب سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە