ئێران یاسای (حیجاب)ی خانمان هەموار دەكاتەوە

جیهان

04/12/2022     ژمارەی بینراو 280

راچڵەكین-

لیژنەی رۆشنبیری ئەنجوومەنی شورای ئێران لەسەر گۆڕین و پێداچونەوە بەیاسای حیجاب كۆبوەوە. داواكاری گشتیش دەڵێت "لە ماوەی دوو هەفتەی دیكە ئەنجامەكان دەخەنەڕوو."

محەمەد مونتەزەری، داوكاری گشتی ئێران ڕایگەیاند، پەرلەمان و دەستەی دادوەری كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر پێداچوونەوە بە یاساكەدا كاردەكەن و وتیشی: "یاساكە پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە."

چاودێرانی سیاسی ئێران  باس لەوەدەكەن، دەسەڵاتدارانی ئەو ولاتە كەوتوونەتە جووڵە بۆ ئاسایكردنەوەی ئەو دۆخانەی بەهۆی خۆپیشاندانەكانی دژ بە كوشتنی ژینا ئەمینی بەرپابوو.

ژینا ئەمینی، كچە كوردێكی 22 ساڵانی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان بوو، رۆژی 16ی ئەیلوول بە تۆمەتی نەگونجانی سەرپۆشەكەی، پۆلیسی رەوشتی ئێران دەستگیریكرد و دواتر گیانی لەدەستدا. مەرگی ژینا بووە چەخماخەی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەوایەتی لەسەرانسەری ئێراندا بەتایبەت رۆژهەڵاتی كوردستان.

بەپێی ئاماری رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، لە دوو مانگ و نیوی رابردوودا لە 159 شار خۆپێشاندان كراوە و 469 كەس بە تەقە یان لێدانی هێزەكانی ئێران گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە 18 هەزار كەسیش دەستبەسەر كراون. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن