بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆمبەكەی تەقاندەوە

چاوپێکەوتن

01/12/2022     ژمارەی بینراو 2528


راچڵەكین-

سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان "زۆر بە سیاسی كراوە".  دەشڵێت:" بە دیفاكتۆ هەرێم دوو ئیدارەیە، چونكە چاوەڕوان دەكرێت سلێمانی خۆی بودجەی خۆی دابین بكات."

بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە چاو پێكەوتنێكی لەگەڵ پێگەی ڕاپۆرتی نەوتی عیراقی (Iraq oil export:) ¬ باس لە تێكچوونی ڕكابەرییە سیاسییەكانی ناوخۆی كوردستان و كاریگەرییەكانیان لەسەر هەردوو پەرەپێدانی غاز و گفتوگۆكانی  لەگەڵ بەغدا لەسەر مافەكانی نەوت دەكات.

لەسەرەتای چاوپێكەوتنی پێگەكەدا هاتووە، "بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  پێگەی تایبەتی هەیە لە بواری  گەشە و پەرەپێدانی كەرتی غازی هەرێم، بەو پێیەی كە پارێزگای سلێمانی  بەرهەمدارترین كێڵگەكانی ووزە بەتایبەت غازی" .

دەشڵێت، بافڵ تاڵەبانی "ئەكتەرێكی بەهێزە لە ململانێی بەردەوامیی نێوان یەكێتی و پارتی دیموكراتی كوردستان، كە ڕكابەری دێرینی پارتی و هاوبەشی سەرەكیی لە حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا".

هەروەها ئەوەش هاتووە، "تێكچوونی پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی حكومەتی هەرێمەكەی تووشی كێشە و گرفت كردووە،  مەترسی لەسەر توانای بەردەوامبوونی سەربەخۆیی لە بەڕێوەبردنی كەرتی نەوت و گازەكەی دروستكردووە".

هەر لە چاوپێكەوتنەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، ڕەخنەی توندی لە پارتی دیموكراتی كوردستان گرت، كە پارەی لە سلێمانی ڕاگرتووە.

لە وەڵامی پرسیارێكدا بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت، "لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان "زۆر بە سیاسی كراوە"، پێشیوایە، "به دیفاكتۆ هەرێم دوو ئیدارەییە، چونكە چاوەڕوان دەكرێت سلێمانی خۆی بودجەی خۆی دابین بكات."

ئاماژە بەوەشدەكات: "پێموایە ئیتر كات نەماوە بۆ ڕیفۆرم، پرۆژە، چاكسازی، حكومەت چوار ساڵی خۆی تێپەڕاند و ئەوەی هەیە ئێستا حكومەتی كار بەڕێكەرە."

بافڵ جەلال تاڵەبانی: "وا دەردەكەوێت كە دیوارێك لەنێوان ئێمە و سەرۆك وەزیران هەبێت، دەمانەوێت وەزیرێك بگۆڕین  نایكەن، بەڕێوەبەرێك بگۆڕین نایكەن، وەزیرێك دەستلەكاردەكێشێتەوە نایكەن، زۆر زۆر قورس بووە".

لەبەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت:"جیاوازییەكی زۆر دەكرێت لەنێوان هەولێر و سلێمانی، لە پرۆژە و خزمەتگوزاری و مووچە و پارەی دەرمان و پێشمەرگە و كۆمپانیاكان". دەشڵێت، ئەوەی ئێمە تێیداین لە ڕاستیدا دوو ئیدارەییە".

سەرۆكی یەكێتی جەختی كردووەتەوە: "حكومەتەكەی مەسرور بارزانی زۆر جیاوازە لە حكومەتەكانی دیكە، ئەم حكومەتە زۆر بە سیاسیی كراوە".

هەر لەدرێژەی قسەكانیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت، "ناتوانین دوورلە بەغدا و بەم حاڵە  بەردەوام بین و بەغداد یەكێكە لەهەڵبژاردەكان".

سەرۆكی یەكێتی جەختیشی كردووەتەوە:"یەكێك لە زیانەكانی ئەم كەشوهەوای دژایەتییە پلانەكانی حكومەتی هەرێم بووە بۆ دروستكردنی بۆری غازی نوێ بۆ هێنانی سەرچاوەی زیادە بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەردوو خاكی ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەكێتیدا تۆڕێك كە دەتوانرێت بۆ ئاسانكاریی هەناردەكردنی داهاتوو بۆ توركیاش بەكاربهێنرێت".

هاوكات دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستەكەی بە كۆمپانیای (KAR Group)ی عێراقی- كوردی كە نزیكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان بەخشی، "هێزە ئەمنییەكای ژێر كۆنتڕۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا ڕێگریان لە دەستگەیشتنی كۆمپانیاكە كرد بۆ خاكی غازی سەرەكی بەشێوەیەكی كاریگەر پڕۆژەكەیان خستە سەر سەهۆڵێكی تواوە".

بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت، "بەشێوەیەكی شەخسی دژایەتی ئەو پڕۆژەیە دەكات، بەو پێیەی گرێبەستەكە بە "هیچ پرۆسەیەك" و  بێ تەندەر دراوە بە گروپی  كار گرووپ و سوكایەتییە بە خەڵكی كوردستان و عێراق كە ئەم شتانە ڕوو بدەن".


لەبارەی كاركردنی پارتی  لە بەغداد لە چاوپێكەوتنەكەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت، "لە ئامادەنەبوونی پارتی بۆ كاركردن لەگەڵ بەغدا تێناگەم” بەشێوەیەكی بنەڕەتی و ڕاست كارناكات".

لەبارەی كاركردنی دەروازە سنوورییەكانیش لە چاوپێكەوتنەكەدا سەرۆكی یەكێتی دەڵێت، "بەهۆی دەروازەی مونزرییەوە، باشماخ و پەروێزخان زیانی گەورەیان بەركەوتووە، هەموو بازرگانییە گەورەكان لەوێوە دەڕوات، لە حاجی ئۆمەرانیش بە ڕێككەوتنێك لەگەڵ ئێران، كراوە بە دەروازەی سەرەكیی ئێران بۆ هەرێم".

سەرۆكی یەكێتی دەڵێت:"لەناو حكومەتیشدا كەسانێك هەن ڕێگری لە بازرگانان دەكەن تا لە باشماخ و پەروێزخانەوە بازرگانی بكەن، بەڵام پارتی حاجی ئۆمەرانی هەیە، ئیبراهیم خەلیلی هەیە كە گەورەترین دەروازەی توركیایە بۆ عێراق نەك تەنها هەرێم، هەروەها چەند مەرزێكی تریشی هەیە  كەس هیچیان لەبارەوە نازانێت".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن