راچڵەکین-
کارەبای سلێمانی رایگەیاند، بۆئەوەی بەشێک لە ئەرکەکانی هاووڵاتییان کەمببێتەوە لە مەودوا پارەی خوێندنەوە واتە (سەرفیاتی مانگانەی كرێی كارەبا) لەبەردەم ماڵاندا و لەلایەن ژمێركارانەوە وەردەگیرێت.
بەڕێوەبەرایەتى گشتى كارەباى سلێمانى بڵاویکردووەتەوە، لەسەر بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كارەبا، بەهۆكاری كەمبوونەوەى (سیولەى پارە) بۆ پێدانی مووچەو دابینكردنى خزمەتگوزارییە پێویستییەكان لە نەخۆشخانەكان و ئاو و كارەباو رێگاوبان، كە بەوهۆیەوە زۆرێك لەپرۆژەكانی ئەو بوارانە پەكیان كەوتووەو ناتوانرێت تەواوبكرێن، هەر بۆیە لە پلانماندایە، كە تا ئەمڕۆ ئەو قەرزانەی كارەبا كە لای هاووڵاتی ئاسایین لە (پۆلی ماڵان) كۆبووەتەوە لێپرسینەوە لەبارەیانەوە نەكرێن تا لەداهاتوودا حكومەت بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەبارەوە دەدات.
کارەبای سلێمانی دەشڵێت:" بەڵام لێرە بەدواوە پارەی خوێندنەوە واتە (سەرفیاتی مانگانەی كرێی كارەبا) وەردەگیرێت لەبەردەم ماڵاندا و لەلایەن ژمێركارانەوە (عدادى كارەبا)، بۆیە داواكارین لەهاووڵاتیان كە هاوكارێكی باشی ئەم پرۆسەیە بن كە هەم بەسوودی گشتی و كەسی ئەو هاوبەشانە تەواو دەبێت".
دەشڵێت:" هاووڵاتیان بەشێك لەئەركەكانیان كەمدەبێتەوە و پێوست ناكات بۆ پارەدان سەردانى فەرمانگە و بنكەكانى وەرگرتنى پارەى كارەبا بكەن، بەڵكو راستەوخۆ لەبەردەم ماڵاندا ئەو كارە ئەنجام دەدرێت و ئەم پرۆسەیەش بۆ چارەسەری كێشەی خزمەتگوزاریە بەردەوامەكانی پارێزگای سلێمانیە".