راچڵەکین-
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بۆنەی تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند:"ئەوپەڕی شانازییە بۆ من، یەکێک لە رۆژە مێژووییە خۆشەکانی ژیانم، کە سەرپەرشتی کردنی ریفراندۆم لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانمان وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی پێ سپێردرا".
کۆسرەت رەسوڵ عەلی، لە پەیامەکەیدا ئاماژە بەوەدەکات:" ئەمڕۆ ساڵیادی ریفراندۆمی گەلی کوردستانە، ئەو ریفراندۆمەی هەموو خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی بەشداریان کردو لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا دەنگیان دا بۆ سەربەخۆیی کوردستان".
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەشڵێت:"ریفراندۆم موڵکی هیچ کەس و لایەنێک نییە، گەلی کوردستان کردی و بۆ ئایندەی گەلەکەشمان بوو".
ئاماژەی بەوەشکردووە:"ئەوپەڕی شانازییە بۆ من، یەکێک لە رۆژە مێژووییە خۆشەکانی ژیانم، کە سەرپەرشتی کردنی ریفراندۆم لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانمان وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی پێ سپێردرا، لە رووداوێکی مێژوویی و دەگمەندا خەڵکی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان دەنگیان داو کوردستانیەتی ئەو ناوچانەیان سەلماندەوە".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا کۆسرەت رەسوڵ عەلی دەڵێت:"لەم رۆژە پیرۆزەدا، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم گەلی کوردستان دەکەم و وەک هەمیشەش دووپاتی دەکەینەوە کە گەلەکەمان لەگەڵ پێکەوەژیانی ئاشتیانەیەو دەمانەوێ مافە دەستووری و دیموکراسییەکانی خۆمان پیادە بکەین".