یەکێتی لەسەر هەمواری یاسای توندوتیژیی خێزانی هەڵوێستی خۆی راگەیاند

کوردستان

24/09/2022     ژمارەی بینراو 254

راچڵەکین-

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێکی لەسەر هەمواری یاسای توندوتیژیی خێزانی بڵاوکردەوە و دەڵێت:"بەلای ئێمەوە هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە". دەشڵێت:" ھەرگیز لەگەڵ سیاسەتێک، یان یاسایەک دا نابین کە دژ بە بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت و رێزی ئایینەکانی تر و مافە بنەرەتیەکانی مرۆڤیش دەگرین".

لە راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی یەکێتیدا هاتووە هەمواری یاسای توندوتیژیی خێزانی، کاردانەوەو گفتوگۆیەکی زۆری بەدوای خۆی دا هێناوە. ئێمە وەکو فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، هەڵوێستی پەرلەمانیمان لەسەر ئەم هەموارکردنەوەیە، بەمجۆرەیە:

١- هەمیشە روون و راستگۆ بووینە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. بۆیە جەختدەکەینەوە کە سورین لەسەر رێگریکردن لەتوندوتیژی دژی ژنان و مرۆڤایەتی بە هەموو شێوەیەک دژی ژن کوشتنین. لەگەڵ ئەوەشدا بروای تەواومان بە پاراستنی ئاشتی ئاسایش و سەقامگیری خێزانی هەیە و لە پرەنسیپە بنەرەتیەکانمانە و خەباتیشی لەپێناودا دەکەین، هەروەک چۆن خەباتدەکەین لە پێناو پاراستنی شیرازەی خێزان و تەواوی کۆمەڵگای کوردی و بەرگرتن لە هەر هەوڵێک بۆ لێکترازانی ئەندامانی خێزانەکان لەیەکتر.

٢- بەلای ئێمەوە هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نیە. توندوتیژی دژی ژنان، تاوانن و دژی داب و نەریت و کەلتوری  کوردەواری رەسەنن و لەو پیناوەشدا دەبێت یاساکانمان  لە خزمەتی ئەم ئاڕاستەیەدا ببن.

٣- مێژووی کوردستان پڕە لە نموونەی ئاکاری جوانی یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا. ئەوەش ئەو کوردستانەیە کە یەکێتی لە پێناوی دا خەبات دەکات. کوردستانێک کە دادپەروەری کۆمەڵایەتی تێدابێت، بۆیە فراکسیۆنەکەمان هەمیشە لەم پێناوەدا کاردەکات، سەرباری ئەوەی دووپاتی دەکەینەوە ھەرگیز لەگەڵ سیاسەتێک، یان یاسایەک دا نابین کە دژ بە بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت و رێزی ئایینەکانی تر و مافە بنەرەتیەکانی مرۆڤیش دەگرین. بۆیە، ئەگەر گومانێک هەبێت لە ھەر هەنگاوێک، یان پێشنیازە یاسایەک کە دژی ئەو پرەنسیپانەی سەرەوە بێت، بەدڵنیاییەوە فراکسیۆنی یەکێتی، جەخت دەکات لەسەر پشتیوانیکردن لەسەر وتە و هەڵوێستی فەرمی بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان لەسەر پابەندبوونی دامەزراوەکە  بە بەها و بنەما سەرەکییەکانی شەریعەتی ئیسلامی. بۆیە داواکارین لەبەر ڕۆشنایی ئەو پابەندبونە، مامەڵە لەگەڵ هەنگاوەکانی داهاتوو سەبارەت بە پێشنیازە یاساکە بکرێت، کە لە بنەڕەتدا خاڵی هاوبەش و هاوڕایی تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بووە.

رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆی لەسەر هەمواری پرۆژە یاسای توندوتیژی خێزانی کرد ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە وبەشیک لە پەرلەمانتاران دژی پرۆژەکە وەستانەوە.

پرۆژە یاساکە لە لایەن ٣١ ئەندامی پەرلەمانی کوردستانەوە داواکراوە کە بخرێتە بەرنامەی کارەوە کە ٢٤ ئەندامیان لە فراکسیۆنی پارتین.

ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی واژۆیان لەسەر پرۆژەکە کردووە لەگەڵ دەقی پرۆژە یاساکە لێرەوە بخوێنەرەوە...

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن