سەعدی پیرە: لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار لەگەڵ پارتی نەگەیشتوینە رێککەوتن

کوردستان

20/09/2022     ژمارەی بینراو 272

راچڵەکین-

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رەتیدەکاتەوە لەگەڵ پارتی گەیشتبنە رێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار، دەشڵێت:"چوونمان بۆ بەغدا بە دوو کارتی جیاواز باش نییە".

سەعدی ئەحمەد پیرە، بە میدی پارتی راگەیاندووە، دوایین کۆبوونەوەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی بە گشتی لەبارەی پرسی هەڵبژاردن بوو، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جیاوازییەکان، هەروەها لەبارەی پرسی سەرۆککۆمار رێکنەکەوتووین، بۆ راگرتنی هاوسەنگی دەبێ بۆچوونی هەردوولا لەبەرچاو بگیرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە:" نابێ هەڵەکانی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دووبارە بکەینەوە، هەروەها ئەو هەڕەشانەی لەسەر هەرێمی کوردستان و دەستووری عیراق و سیستمی فیدراڵی دەکرێت، دەبێت بە جددی وەریبگرین، دەبێ بیر لەوە بکەینەوە چوونی دوو شاند بۆ دیالۆگی نیشتمانی عیراق بە دوو کارتی جیاواز، واتا پارتی و یەکێتی هەر یەکێکیان بە کارتی خۆی، ئەمە باش نییە، بۆ ئەوە دەبێ لەگەڵ هەموو لایەنەکانی دیکەی کوردستان بە یەک کارت بچینە بەغدا، هێشتا کات ماوە پێویستە بۆچوونەکان رێکبخرێن و بگەنە ئەنجامێکی باش".

سەعدی پیرە دەشڵێت:" لەناو هەموو پۆستەکانی هەرێم و بەغدا پۆستی سەرۆککۆمار بەدەست یەکێتیەوەیە، ئەگەر ئەو پۆستەمان پێ رەوا نەبینن ئەی مانای شەراکەتمان چییە".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەشڵێت:" بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئێمە پێمانوایە جگە لە کارتی نیشتمانی هەموو بەڵگەنامەکانی دیکەی عیراق فێڵ و فەرەجی تیاکراوە، لیستی دەنگدەران لە ساڵی 1992ـەوە هیچ مردوێک لەو لیستە لانەبراوە، بابەتی کۆتا بۆ یەک لایەن بۆ یەک لایەن سوودی لێوەردەگیرێت، کۆتا بۆ ئەوەیە کلدو ئاشووری و تورکمانەکان سوودی لێوەرگرن.

راشگەیاند:" تا ئێستا ئێمە و پارتی لەسەر بابەتی سەرۆککۆمار رێکنەکەوتووین، ئەو دەنگۆیانەی هەشبوو کە گوایە رێککەوتووین لەلایەن گوتەبێژی فەرمی پارتیش رەتکراوەتەوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن