"جەنابی وەزیری شەهیدان تۆڵەی دەرکردنەکەی لە یادی ئەنفال لەخەڵکی چەمچەماڵ کردەوە"

کوردستان

14/09/2022     ژمارەی بینراو 329

راچڵەکین- کۆچەر عەزیز

رەتکردنەوەی ناساندنی چەمچەماڵ وەك پایتەختی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان، ناڕەزایی لێکەوتەوە و بەڕێوەبەری گشتی شەهیدانی چەمچەماڵیش دەڵێت:" قبوڵی ناکەین، چونکە ئێمە بە داتا ژمارەی شەهید و ئەنفالەکانمان لە هەموو ناوچەکانی کوردستان زیاترە".

سەلمان رەمەزان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی چەمچەماڵ، ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکدا بۆ راچڵەکین وتی:" ئێمە ناڵێین شار و ناوچەکانی دیکە خاوەنی شەهید و ئەنفال نین، بەڵام چەمچەماڵ سەرچاوەی شەهیدان و ئەنفالکراوانە با حکومەت بە پێی داتا و ژمارە قسەمان لەگەڵ بکات با بزانین لە چ شار و ناوچەیەک ٧ هەزار شەهید و ئەنفال هەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد:" ئەگەر بکرێت بە پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراون چی لە حکومەت کەمدەکاتەوە و زەرەری چی پێدەگەیەنێت، ئێمە رێگر نین لەو ناوچانەی دیکەش کە خزمەت بکرێن لە رێگەی شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە و چییان بۆ دەکرێت، بەڵام ئێمە مافی خۆمانە کە چەمچەماڵ بکرێتە پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئێمە گوندێکمان هەیە بە قەد هەڵەبجە شەهیدی هەیە".

وتیشی:"ئێمە بەوە رازی نابین هەموو چین و توێژەکان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەرامبەر بەو بڕیارە نیگەرانین و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆ دەکەین و ئەوەی پێمان بکرێت دەیکەین و سەرەتا پەڵپ لەو بڕیارە دەگرین ئەگەر زانیمان گوێمان لێ ناگرن ئەو کاتە رێکاری دیکە دەگرینە بەر یەکێک لە رێکارەکانیش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینە".

دەشڵێت:"مافی خۆمانە ئەو داوایە، ئەوە تەنها رەمزێکە کەسوکاری شەهیدان زیاتر دڵیان پێی خۆش دەبێت، رەنگە حکومەت لەبەرئەوە نەیکردبێت بڵێ ناوچەکانی دیکە پێیان ناخۆشە، بەڵام کە گەرمیان و رانییە کران بە ئیدارەی سەربەخۆ ئەبێ ئێمە بڵێین بۆیان مەکەن ئێمەش دەمانەوێت و پێمان ناخۆشە".

سەلمان رەمەزان، ئاماژەی بەوەشکرد:"هەموو ناوچەکان ئەنفال و شەهیدی خۆیان هەیە ئێمە و گەرمیان رەنگە لە یەکەوە نزیک بین، بەڵام داتای هەموو شوێنەکانمان لایە ئێمە پشکی شێرمان بەرکەوتووە لە ئەنفال و شەهیدان و بەتەنها زیاتر سێ هەزار و ٤٠٠ وارسمان هەیە، کە هەموو ناوچەکان کۆبکەیتەوە ئەوەندەیان نییە."

سەبارەت بەوەی کە کەی دەست بە رێکارەکان دەکەن وتیشی:" لە ئەمڕۆوە لەگەڵ یەکە ئیدارییەکان و رێکخراوەکان و دادەنیشین و بڕیار لەسەر ئەوەدەدەین کە چی بکرێت بۆ ئەوەی ئەوە قبوڵ نەکرێت و رێگری لەوە بکەین".

لای خۆشییەوە سەلمە فاتیح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، حکومەتێک چواردێڕ شانازی نابەخشێت بە شارێکی وەک چەمچەماڵ کە پڕە لە قوربانی و خۆفیدای ، ئیتر مافی ئەوەی نییە  سڵاو بۆ خەڵکەکەی و بۆ شەهیدەکانی بنێرێت".

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت:"جەنابی وەزیر تۆڵەی دەرکردنەکەی لە یادی ئەنفال لەخەڵکی چەمچەماڵ کردەوە، بەڵام ئایا جارێکی تر دەڕواتەوە ئەو شارە و سڵاو بۆ کەس و کاریان دەنێرێت یان  بەرپرسانی حکومی ڕووی چونە ئەو شارەیان هەیە".

ئەو لە کاتێکدایە ئەمڕۆ نووسراوێک بە واژۆی ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان بڵاوکرایەوە کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کردووە و تێیدا هاتووە ، رەتیدەکەینەوە چەمچەماڵ بکرێتە پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراوان، چونکە هەموو شار و ناوچەکانی دیکەش ئەنفالیان هەیە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن