سەنتەری راوێژکاری خوێندکاران لە زانکۆی سلێمانی دروستدەکرێت

کوردستان

10/09/2022     ژمارەی بینراو 158

راچڵەکین-

سەنتەری راوێژکاری خوێندکاران لە زانکۆی سلێمانی دروستدەکرێت کە بێ بەرامبەر هاوکاری خوێندکاران دەکات.

پێشڕەو حەمەجان عزیز، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:" زانکۆی سلێمانی بۆ یەکەمین جار بڕیاریداوە بە دروستکردنی سەنتەری راوێژکاری خوێندکاران، کە سەنتەرێکە سەر بە سەرۆکایەتی زانکۆیە و لە بۆردێک پێکدێت، کە چەندین کەسی یاسایی، وپزیشک ودەرونناس وکۆمەڵناس وشارەزا لەخۆدەگرێت".

دەشڵێت:" سەنتەرەکە بێبەرامبەر ڕاوێژی یاسایی و کارگێڕی ودەروونی وپزیشکی وکۆمەڵایەتی و دارایی و ئایینی دەدات بە ھەر خوێندکارێکی زانکۆی سلێمانی، ئەگەر لە چوارچێوەی بەش وکۆلێج وبەڕێوەبەرایەتی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆدا بە بەڵگەی متمانەپێکراو بیسەلمێنێت توشی کێشە و گرفتی جۆراوجۆر بۆتەوە لەلایەن مامۆستایەک یان فەرمانبەرێک یان خوێندکارێک یان کارمەندێکی کۆمپانیاکانی ناو زانکۆوە، هەروەها هەوڵی دابینکردنی پێداویستییەکانی دەدات کاتێک تووشی گرفتی گەورەی دارایی دەبێت".

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی راشیگەیاند، کردنەوەی سەنتەرەکە و سەرجەم ئەو کاروبارانەی تێیدا ئەنجامدەدرێت، لە چوارچێوەی کارکردنی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانییە لەو روانگەیەوە کە خوێندکار چەقی گرنگی پێدانە لە زانکۆکەدا و لە کاتی کێشەکانیدا بە تەنیا نییە و پێویست ناکات پەنا بۆ ھیچ کەس ولایەن وڕاگەیاندنێک ببات بەڵکو سەرۆکایەتی زانکۆ لەڕێی ئەم سەنتەرەوە هاوکار وپشتیوانیەتی بەپێی یاسا و رێنماییەکان".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن