راچڵەكین –
پەرلەمانتارێكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، وەزارەتی نەوتی عیراق بڕیاریدا پێش هاتنی وەرزی سەرما، نەوتی سپی رەوانەی پارێزگای سلێمانی بكات.
د. بڕیار رەشید، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاندووە، دوای هەوڵە بەردەوامەكانمان لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، بڕیاردرا پێش هاتنی وەرزی سەرما نەوتی سپی بگاتە پارێزگای سلێمانی.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكردووە، لەمیانی سەردانەكەی ئەمڕۆی بۆلای ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوت، بڕیاردرا لەم مانگەوە ئەو بەشە بەنزینەی كە بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی زیادكراوە، رەوانە بكرێت.
د. بڕیار رەشید، ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو بڕە نەوتەی بڕیاردراوە پێش هاتنی وەرزی سەرما رەوانەی سلێمانی بكرێت و بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشبكرێت، بڕەكەی لە 15 ملیۆن لیتر زیاترە.
سەبارەت بە رەوانەكردنی بەنزینی نۆڕماڵ بۆ پارێزگای سلێمانی، كە برشیاری زیادكردنی بڕەكەی دراوە، پەرلەمانتارەكەی یەكێتی وتی:" وەزیری نەوتی عیراق بەڵێنیدا لە هەفتەی داهاتووە بەشە بەنزینەكە راستەوخۆ رادەستی پارێزگای سلێمانی بكرێت".