راچڵەکین-
پزیشکێکی پسپۆڕى هەناو باس لە رێژیمى کیتۆ دەکات بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە و دەڵێت:"(رێژیمى کیتۆ) لە زۆر کەسدا بە کاتێکى کەم کێشێکى زۆر دادەبەزێنێت، رۆڵی هەیە لە رێکخستنەوەى زۆر کێشەى دیکەى تەندروستییش".
د. زانا ئەحمەد، پزیشکى پسپۆڕى هەناو دەڵێت، شەکرەدارانیش زۆربەیان کێشیان زۆرە، ئەوەش کاریگەریی زۆرى هەیە لەوەى شەکریان کۆنترۆڵ نەبێت؛ بۆیە ئەو نەخۆشانەى کە شەکر و کێشیان زیادە، دەپرسن ئایا دەتوانن ئەوانیش کیتۆ بکەن؟
ئەو پزیشکە ئاماژەبەوەدەکات کە پشکى جۆرە جیاوازەکانى خۆراک لە کیتۆدا بەم جۆرەیە: چەورى 70%، پڕۆتین 20% و کاربۆهیدرات 5%. بەوەى کاربۆهیدرات ئەو خواردنانە دەگرێتەوە کە شەکریان تێدایە و لەم سیستەمە خۆراکییەشدا کەمترین بڕیان لێ وەردەگیرێت، کەواتە بێگومان کێتۆ دەبێتەهۆى کەمبوونەوەى شەکرى خوێن.
د. زانا ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکردووە، شەکرە هەڕەشەیە بۆ سەر چەند ئەندامێکى جەستە، دیارترینیان: دڵ، مێشک، گورچیلە، چاو و دەمارەکانە. بۆیە کە هەوڵى کۆنتڕۆڵی شەکرە دەدرێت، لە پێناوى ئەم ئەندامانەدایە. ئەگەر دڵنیا نەبینەوە لە سەلامەتیی ئەمانە، بەرزى و نزمیی شەکر، هەر ژمارەیە و بایەخى نییە!
ئەگەر گورچیلە بە نموونە وەربگرین: بەرزیی شەکر هەڕەشەیەکى گەورەیە لە سەرى، بەڵام تاکە هەڕەشە نییە، بەڵکو چەند هۆکارى تریش هەڕەشەن لەسەرى، یەکێک لە گرینگترینەکانیان پڕۆتینە.
بۆیە وەک چۆن زۆریی شەکر بۆ گورچیلەکان خراپە، ئاواش بەرزیی پرۆتین خراپە، بەتایبەت لەو کەسانەى کە گورچیلەکانیان بەهۆى شەکرەوە زەبریان بەرکەوتووە، کە نزیکەى 30%ى شەکرەداران هەر لە کاتى دەستنیشان کردنى نەخۆشییەکەیاندا، چ جاى دواتر، بە جۆرێک لە جۆرەکان تووشی ئەوە بوونە. بۆیە ئەگەر هەیە کەسێک شەکرەى هەبێت، بە کیتۆ، گورچیلەکانى لە پڕ و بە خێرایی بەرەو تێکچوون و وەستان بڕۆن.
بەڵام دەکرێت دواى دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی گورچیلەکان، کە ئەمەش هەر بە پشکنینێکى ئاساییی (کریاتینین)ى ناو خوێن ناکرێت، لەژێر چاودێریی پزیشکدا دەست بە کیتۆ بکرێت، سوودى زۆریشی لێ دەبینرێت.
پوختەى قسان:
کیتۆ سوودى بۆ کۆنتڕۆڵی شەکر هەیە، بەڵام گورچیلەک تەواو نەبێت، بەرگەى ناگرێت. بۆیە ئەوەى شەکرەى هەبێت، نابێت هەر بە کۆنتڕۆڵ بوونى شەکرەکەى دڵخۆش بێت، چونکە ڕەنگە دواى ماوەیەک بە وەستانى گورچیلەکانى دڵتەنگ ببێت! بۆیە ئەوانەى کە شەکرەیان هەیە، نابێت بێ راوێژکردن بە پزیشکى گورچیلەکان یان هەناو، دەست بۆ کیتۆ ببات.