راچڵەکین-
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەرداگرتنی بڕی 149 ماددەی هۆشبەری لەدوو چالاكی جیادا راگەیاند.
ئاسایشی سلێمانی لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:" هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی لە دوو چالاكیدا دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەردا گرت ، لەچالاكی یەكەمدا دوای لێكۆڵینەوەی وورد و بەدواداچوون هێزەكانی ئاسایش بەفەرمانی دادوەر لە ٢٠٢٢/٦/١٤ دەستیان بەسەر بڕی ( ٩٢ ) كیلۆ ماددەی كریستاڵ داگرت و ئەو ماددانەش لەدەرەوەی هەرێمەوە هێندرابوون."
"لە چالاكی دووەم دا هێزەكانی ئاسایش دوای لێكۆڵینەوەی وورد لەڕێگەی یەكێك لە بازگەكانەوە لەرۆژی ٢٠٢٢/٧/٢٥ دەستیان بەسەر بڕی (٥٧) كیلۆ ماددەی كریستاڵ داگرت كە لەناو قوتوی ڕۆنی ئۆتۆمۆبێلدا شاردرابوونەوە."
ئەوەش روونكراوەتەوە:" تۆمەتبار كە ناوی (ح.ع.م) و لەدایكبووی ١٩٨٩ یەوە بەرەگەز كوردە ، بەنیازبووە لە شاری سلێمانیەوە بیباتە شارەكانی تری هەرێمی كوردستان و بەفەرمانی دادوەر بەپێی ماددەی (٢٥) لە یاسای ماددە هۆشبەرەكان ڕاگیراوە و دەست بەسەر كریستاڵەكەدا گیراوە."