راچڵەكین-
وەزارەتی تەندرووستی رایگەیاند لە ماوەی 24 كاتكۆی رابردوو، 22 تووشبووی نوێ لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە، لە هەولێر 12 حاڵەت كە 9 لەوانە كەسوكاری تووشبووەكەی سێبیرانن، 3 كەسیشیان بەركەوتەی قوتابییەك بوونە كە پێشتر كەرەنتین كرابوون.
لە سلێمانی 10 حاڵەت، كە 2یان نیشتەجێی ناو شاری سلێمانین، 1 لە چەمچەماڵ و 7 حاڵەتەكەی دیكەش لە دەربەندیخان بووە.
بەو جۆرەش، كۆی گشتی تووشبووان لە هەرێمی كوردستان، گەیشتە 76 حاڵەت، 13 كەسیش چاكبوونەتەوە و 1 مردنیش تۆماركراوە.
دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی:
ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی
ژمارە (26)
سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان، تیمەكانی تەندروستی بۆ دۆزینەوە و پشكنینی گومانلێكراوانی هەڵگری ئەم ڤایرۆسە ڕۆژانە بەردەوامن بەمەش:
ژمارەی هاوڵاتیان كە لە كەڕەنتینەكان بوون 4593 هاوڵاتین لە 26 شوێنی جیاواز، لەئێستادا تەنها 1528 هاوڵاتی لە كەرەنتین ماونەتەوە 808 لە هەولێر، 339 لە سلێمانی، 233 لە دهۆك، 37 لە هەلەبجە، 32 لە گەرمیان، 54 لە ڕاپەرین، 25 لە كۆیە وە 3065 هاوڵاتی لە كەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوە ناو خانەوادەكانیان دوای تەواو بوونی ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ كەڕەنتین كردنی ژمارەیەكی تری ئەمڕۆی كەرەنتین كراو كە كۆی گشتی بریتی بوو 33 هاوڵاتی.
لەماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوو 260 پشكنین ئەنجامدرا كە (176) لە شاری هەولێر و (62) لە شاری سلێمانی و (22) شاری دهۆك.
دەرەنجام (22) تووشبووی نوێ تۆماركرا:-
دانیشتووی شاری هەو لێر(12) ، كە (9) لەوان كەسوكار و بەركەوتەی تووشووەكەی سێبیرانە و (3) لەوان بەركەوتەی قووتابیە تووشبووەكەی پێشووە كە كەرەنتین كرابوون.
پارێزگای سلێمانی (10) ، كە(2) لەوان دانیشتووی ناو شاری سلێمانی، (1) دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ، (7) دانیشتووی قەزای دەربەندیخان كە پێنج لەوان خانەوادەی تووشبووەكەی دوێنێ یە.
كۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان (76) تووشبووە، لەنێویاندا (1) مردن هەیە و (13) نەخۆش بەتەواوی چاكبووەتەوە، و ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشكی دان.
وێڕای دەستخۆشی بۆ تیمەكانی وەزارەتی ناوەخۆ و تیمەكانی پزیشكی كە لە كاردان وە سوپاس بۆ پابەندبوونی هاوڵاتیان بە مانەوەیان لە ماڵەكانیاندا جارێكی تر تكا دەكەین پابەندبن بە ڕێنماییەكانی تەندروستی و لە ماڵەكانیان بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە و بەركەوتەی كەسی تر نەبن وە لە كاتی پێویستدا پەیوەندی بكەبن بە هێڵی گەرمی ژمارە (122).
وەزارەتی تەندروستی
حكومەتی هەرێمی كوردستان