راچڵەكین-
خۆبەخشانی كەرتی تەندروستی لە پارێزگای سلێمانی بەهۆی جیاوازیكردن لە دامەزراندنیان لەناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان، گردبوونەوەو بڕیاری بایكۆتكردنی دەوامیان راگەیاند.
كۆچەر عەزیز، یەكێك لە رێكخەرانی خۆپێشاندانی كارمەندانی خۆبەخش، بە ( راچڵەكین)ی راگەیاند:" خۆپیشاندانەكەمان بۆ داواكردنی دامەزراندنی دەرچووانی تەندروستی و خۆبەخشانی كەرتی تەندروستییە، كە بەشێكیان چەندین ساڵە وەكو خۆبەخش كاردەكەن، بەڵام دەبینین بە بەڵگە لەهەندێك ناوچە و شوێن دامەزراندن بەناوی جیاجیا هەیە، كەچی بۆ هەندێك شوێنی دیكە دامەزراندن نییە، بۆیە ئەمڕۆ خۆپیشاندان و بایكۆت لەنەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكانی شاری سلێمانی دەستپێدەكات و بەیانی و رۆژانی داهاتووش لە قەزا و ناحیەكانی پارێزگای سلێمانی دەبێت و دوای ئەوەش شوێنەكانی دیكەش دەگرێتەوە"
دەستەی نوێنەرایەتی خۆبەخشی سەرجەم بنكە و نەخۆشخانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە: "بە گوێرەی دوو نووسراو لە رۆژی 5-4-2022، بە فەرمانی وەزاری 100 كەس بەشێوەی گرێبەست لە زاخۆ دامەزرێندراون لە كاتێكدا دوو رۆژ پێش ئەوە و لە رۆژی 3-4-2022 بە فەرمانی وەزاری كاركردنی 17 كارمەندی خۆبەخش لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە لە لایەن وەزارەتی تەندروستییەوە راگیراوە بە بیانوی ئەوەی كاركردن بە خۆبەخش وەستاوە."
كۆچەر عەزیز، سەبارەت بە ژمارەی خۆبەخشانی تەندروستی رایگەیاند: "ژمارەی دەرچووانی بەشە تەندروستییەكان دەگاتە 12 هەزار كەس، نزیكەی 5 هەزار كەسیان بە خۆبەخشی ناویان هەیە و كاریان كردووە و ئێستا 2 هەزار و 500 كەسیان بە كردەیی خۆبەخشن و لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان كاردەكەن و لەسەردەمی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا خۆیان رووبەڕووی چەندین مەترسی كردەوە."