ئەنفال .. هەوڵی لەناوبردنی گەلێك

ڕاپۆرت

14/04/2022     ژمارەی بینراو 4756


ئەنفال ناوی پڕۆسەیەكی پلانداڕێژراوی رژێمی بەعس بوو لە عیراق بۆ لەناوبردنی گەلی كورد لەباشوری كوردستان و كپكردنی دەنگیان دژ بەو ستەمەی كە بەغدا لێی دەكردن، پڕۆسەكە لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو بە دوو ئەنفالی بەربڵاو و گەورەی كوردی فەیلی و بارزانییەكان دەستی پێ كرد، دواتر بە هەشت قۆناغ و بە گشتی لە هەشت ساڵدا ئەنجامدرا، بۆیە لەناو كوردەكاندا بە "شاڵاوەكانی ئەنفال" ناسراوە.

١٤ی نیسانی هەموو ساڵێك لەلایەن كوردانی باشورەوە بۆ یادكردنەوەی كۆمەڵكوژی بەدەستی سوپای رژێمی بەعس دیاری كراوە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش هەمان رۆژی وەك رۆژێكی نیشتمانی لە سەرانسەری وڵات دیاری كردووە و بەو شێوەیە حكوومەتی عێراق دانی ناوە بە كۆمەڵكوژییەك كە بەپێی وتەی بەرپرسان و شارەزایانی بوارەكە لە هەرێمی كوردستان ١٨٢ هەزار كەسی سڤیل تیادا بوونە قوربانی.

بەڵام ئەنفال چییە و چۆن دەستی پێكرا، پلانەكە چی بوو و چی كرا؟ ئەوە پرسیارێكە جگە لە خەڵكی سنووری جوگرافیای عێراق و هەندێكجار رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەمتر كەس لێی ئاگادارن، ئەوەش بەهۆی سەردەمێك بووە كە پەیوەندی و گەیاندن لە ئاستی ئێستادا نەبووە.

ئەنفال ناوی پڕۆسەیەكی پلانداڕێژراوی رژێمی بەعس بوو لە عیراق بۆ لەناوبردنی ناڕەزایەتی كوردەكانی دژ بەو ستەمەی كە بەغدا لێی دەكردن، پڕۆسەكە لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو بە دوو ئەنفالی بەربڵاو و گەورەی كوردی فەیلی و بارزانییەكان دەستیپێكرد، دواتر بە هەشت قۆناغ و بە گشتی لە میانی هەشت ساڵدا ئەنجامدرا، بۆیە لەناو كوردەكاندا بە "شاڵاوەكانی ئەنفال" ناسراوە.

لە پرۆسەی ئەنفالدا بەپێی ئامارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ١٨٢ هەزار كەسی سڤیل بووەتە قوربانی سیاسەتەكانی رژێمی بەعس و چوار هەزار و ٥٠٠ گوندیش تێكدراون.

ساڵی ١٩٨٠ و لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی ئێران-عێراق دەرفەتی میلیتاریزەكردنی سەرانسەری عێراق و سنوورەكانی ئێران بۆ بەغدا رەخسا، سوپای بەعس دەستپێكی كۆمەڵكوژییەكەی لەو كوردانە دەست پێ كرد كە مەزهەبیان شیعە بوو و پێیان دەگوترێت كوردی فەیلی.

لەم پڕۆسەیەدا زیاتر لە ٢١٥ هەزار كوردی فەیلی ناسنامەی عێراقییان لێ ستێندرایەوە و بە زۆر راگوازران و رەوانەی ئێران كران بە بیانووی ئەوەی شیعەن و دەبێت بچنە ئەو وڵاتە و لەم نێوەندەشدا، پێنج هەزار كەسیان بە شێوازی جۆراوجۆر لەسێدارەدان و زیندەبەچاڵكران، بەهۆی ئەو پڕۆسەیە لە ئەنجامدا، ٤٠٠ هەزار كوردی فەیلی زەرەرمەند بوون و ناچار بە كۆچی زۆرەملێ بوون. چواری نیسانی بە رۆژی كۆمەڵكوژی كوردی فەیلی ناسراوە.

لە ٣١ی تەمووزی ١٩٨٣دا، بارزانییەكان كە گوندەكانیان لەلایەن سوپای بەعسەوە وێران كرابوون و بە زۆر لە كۆمەڵگا زۆرەملێكانی نزیك دەشتی هەولێر بە ناوی كۆمەڵگای هەریر، قوشتەپە و بەحركە نیشتەجێكران، كەوتنە بەر پەلاماری سوپای عێراق. سوپای عێراق بەرەبەیانی ئەو رۆژە بە پلانێكی هاوكات هەموو ئەو ناوچانەی گەمارۆ دا و پیاو و مێرمنداڵە نێرەكانی لێ جیاكردنەوە و بە زۆر بۆ بیابانەكانی باشووری عێراقی گواستەوە و دواتر دەركەوت كە زیندەبەچاڵی كردوون.

هەشت قۆناغەكەی ئەنفال پلانێكی دیكەی رژێمی بەعس بوو كە هاوكات بوو لەگەڵ دوا مانگەكانی جەنگی عێراق-ئێران. پڕۆسەكە بەم شێوەیە بوو:

٢١\٢\١٩٨٨ - ١٨\٣\١٩٨٨ ئەنفالی یەك لە پارێزگای سلێمانی كە دۆڵی جافایەتی و ناوچەی شارباژێری گرتەوە.
٢٢\٣\١٩٨٨ - ١\٤\١٩٨٨ ئەنفالی دوو ناوچەی قەرەداغ-پارێزگای سلێمانی، تێدا جگە لە وێرانكردنی گوندەكان، چەكی كیمیاییش بەكار هێنرا.
٣١\٣\١٩٨٨ - ١٨\٤\١٩٨٨ ئەنفالی سێ كە بە بەرفراوانترین شاڵاوی ئەنفال ناوی دەهێندرێت ناوچەی گەرمیان سنووری پارێزگای دیالەی گرتەوە.
٢٠\٤\١٩٨٨ - ٥\٥\١٩٨٨ ئەنفالی چوار سنووری ناحیەكانی عەسكەر و شوان و ئاغجەلەر لە پارێزگای كەركووك و دەشتی كۆیە سەربە پارێزگای هەولێر لەم ئەنفالەدا چەكی كیمیایی بەكار هێنرا و گوندی گۆپتەپە سەربە ناحیەی ئاغجەلەر لە سێی ئایار بە چەكی كیمیایی بۆردومان كرا.
٢٤\٥\١٩٨٨ - ٣١\٨\١٩٨٨ ئەنفالی پێنج، ئەنفالی شەش، ئەنفالی حەوت دوا رۆژەكانی مانگی رەمەزان بوو كە سوپای عێراق دەستی بە راماڵینی گوند و ئاوەدانییەكانی سنووری قەزاكانی شەقڵاوە و رەواندوز كرد لەم هێرشەدا.
دوا قۆناغی شالاوەكانی ئەنفال لە ٢٥\٨\١٩٨٨ دەستی پێ كرد و ٦\٩\١٩٨٨ كۆتایی پێ هات كە بە ئەنفالی هەشت ناسراوە. لەم هێرش و پەلامارەدا شارەكانی زاخۆ، ئامێدی، شێخان و ئاكرێ سەربە پارێزگای دهۆك كەوتنە بەر پەلاماری سوپای بەعس.

رووفاتی بەشێك لە ئەنفالكراوان كە دەگوترێت بەشێكیان بە زیندوویی خراونەتە چاڵەوە، لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ دانیشتووانی پارێزگاكانی ئەنبار، نەجەف و موسەننا كە شایەتحاڵی رووداوەكانیش بوون و گۆڕە بەكۆمەڵەكانیان پێ دەزانی، هێندرانەوە هەرێمی كوردستان و لە زێدی خۆیان بە خاك سپێردران.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان، ئەنفال ١٨٢ هەزار قوربانی لێكەوتووەتەوە و كۆی ئەو زەرەروزیانە ماددیەی كە لە ئەنجامی ئەو كۆمەڵكوژییەدا بەر ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان كەوتووە، بە هەشت ملیار خەملێندراوە.

دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٧ ئەنفالی وەك كۆمەڵكوژی ناساند و لەم بارەیەوە بڕیاری دا كە حكوومەتی عێراق پێویستە قەرەبووی ماددی و مەعنەوی زیانلێكەوتووانی شاڵاوەكانی بكاتەوە. تا ئێستا حكوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێكی بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانییانی ئەنفال نەناوە.

هەر لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ساڵێك دواتر بە دیاریكراوی لە رۆژی ١٤ی نیسانی ٢٠٠٨دا، ئەنفالی وەك پرۆسەیەكی پلانداڕێژراو بۆ قڕكردنی گەلی كورد بە "جینۆساید" ناسی و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ساڵی ٢٠١٧ بڕیاری دا بەوەی كە رۆژی ١٤ی نیسان هەموو ساڵێك بكرێتە رۆژێكی نیشتمانی لە عێراق و پرۆسە بەدناوەكە یاد بكرێتەوە، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەنگاو بنرێت بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانی ئەنفال.

لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەی دادگای باڵای تاوانەكان و داننانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و كاركردن بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەنفالی كورد لە عێراق، تا ئێستا نەرویج، سوید، بەریتانیا و كۆریای باشوور دانیان ناوە بە پرۆسەی ئەنفال وەك كۆمەڵكوژی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە كە كار دەكات بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەم پرسە لەسەرانسەری جیهاندا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن