پەیامێك لەسەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە

کوردستان

06/04/2022     ژمارەی بینراو 587

راچڵەكین-

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، سەرۆك مام جەلال ئەو مرۆڤەبوو لە بری چاندنی تۆوی ناتەبایی، درەختی خۆشەویستی و پێكەوەژیانی لە دڵی هەموواندا ڕوواند.

لە 17 هەمین ساڵیادی هەڵبژاردنی رەوانشاد مام جەلال بەسەرۆككۆماری عیراق، د. رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە:" ئەمڕۆ حەڤدە ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی ڕەوانشاد سەرۆك مام جەلال وەك یەكەم سەرۆككۆماری كورد لە مێژووی عێراقدا تێپەڕ دەبێت، كە دەستكەوتێكی گەورە و مێژوویی بوو بۆ گەلی كورد، هەروەها یەكەم سەرۆككۆمار بوو لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو، یەكەمجار بوو لە مێژووی حوكمڕانیی عێراقدا كوردێك وەك سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا و لەماوەی فەرمانڕەواییكردنیشیدا ڕۆڵێكی بەرچاوی بینی لە بەڕێوەبردنی عێراقدا."

دەشڵێت:"لەدوای نەخۆشكەوتنی تاوەكو كۆچی دواییكردنی و ئێستاكەیشی لەگەڵدا بێت، هێشتا گەل و نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكانی عێڕاق، خۆزگە بەو سەردەمە دەخوازن كە سەرۆك مام جەلال لە پۆستی سەرۆككۆماریدا بوو، ئەو تەونە جوانەی پێكەوەژیان و تەباییەی كە مام جەلال دایڕشت، ئاسەوار و كاریگەرییەكانی لە یادگە و بیرەوەرییەكانی خەڵكی عێڕاق و كوردستاندا هێشتا هەر زیندوون."

سەرۆكی پەلەمانی كوردستان دەڵێت:" لەم قۆناغە دژوار و بێمتمانەییەی كە ئەمڕۆكە دووچاری عێڕاق و كوردستانیش بۆتەوە، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بە گەڕانەوەیە بۆ سەر شاڕێگەی ئەو هێڵە نیشتمانییانەی كە مام جەلال بە حیكمەت و دووربینییەكانی خۆی نەخشەی بۆ دەكێشا، بۆ بەیەكتری گەیاندن و نزیككردنەوەی هەموو ئاراستە جیاواز و ناكۆكەكان، لەئێستاشدا یاد و بیرەوەرییەكانی مام لە هەموو كاتێك زیاتر لە زەینی عێڕاقییەكاندا دەخولێتەوە، دروود بۆ ڕۆحی پاكی نەخشە داڕێژەری ئاشتی و ئارامی و تەبایی، دروود بۆ گیانی ئەو مرۆڤەی كە لە بری چاندنی تۆوی ناتەبایی، درەختی خۆشەویستی و پێكەوەژیانی لە دڵی هەموواندا ڕوواند."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن