هاوسەرۆكی هەدەپە لەبارەی هەڵبژاردنەوە پەیامێك ئاراستەی ئاكەپە دەكات

جیهان

29/03/2022     ژمارەی بینراو 365

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی گشتیی هەدەپە

راچڵەكین –

هاوسەرۆكی گشتیی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، هۆشداری لەهەوڵێكی پارتی دەسەڵاتداری توركیا دەدات بۆ دەستكاریكردنی یاسای هەڵبژاردن، دەشڵێت: ئەگەر ئاكەپە لە ساختەكاریشدا بەتوانا بن، بەڵام رووبەڕووی شكستێكی وەها دەبنەوە كە نە ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردن نە یاسای هەڵبژاردنیش سوودی نابێت بۆیان.

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی گشتیی هەدەپە، لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی توركیاوە رایگەیاند: "پارتی دەسەڵاتدار (ئاكەپە) دوای ئەوەی بێ هیوا بوو لە خەڵك و هیچ شتێكی بۆ نەمایەوە، ئێستاش بەدوای فێڵێكی دیكەوەیەو دووبارە دەیانەوێت یاری بە یاسای هەڵبژاردنەوە بكەن".

بوڵدان لەمیانی لێدوانێكیدا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتەكەی ئاشكرای كرد، بۆ ئەمساڵ یادێكی قەشەنگی نەورۆزیان كردەوە كە لە هەرچوار لای توركیاوە بە ملیۆنان هاووڵاتیی روویان لە ئاهەنگەكانی نەورۆز كرد و ئیرادەی خۆیان خستەڕوو.

وتیشی:" پێوستە گشت لایەنەكان و بەتایبەت ئەنكەرە، بەدەم داواكاری و پەیامە مێژووییەكانی ملیۆنان هاووڵاتییەوە بێت كە لە ئاهەنگەكانی جەژنی نەورۆزدا دابوویان".

هاوسەرۆكی گشتیی هەدەپە، لەبارەی پێشنیاری یاسای هەڵبژاردنیشەوە رایگەیاند: "پارتی دەسەڵاتدار دوای ئەوەی بێ هیوا بوو لە خەڵك و هیچ شتێكی بۆ نەمایەوە ئێستاش بەدوای فێڵێكی دیكەوەیە. دووبارە دیانەوێت یاری بە یاسای هەڵبژاردنەوە بكەن. دەزانین بەدوای دۆزینەوەی رێگایەكن بۆ زەوتكردنی ئەو دەنگانەی بە پارتەكانی دیكە دەدرێت. واتا ئەو دەنگانەی كە ناتوانن بەدەستی بهێنن هەوڵ دەدەن لە رێگەی فێڵ و ساختەكارییەوە دەنگەكان بۆخۆیان زەوت بكەن. لە هەوڵی خۆ ئامادەكردندان بۆ دەست بەسەرداگرتنی تەواوی یاساكانی هەڵبژاردن لە شار و شارۆچكەكان، بەڵام بێ سوودە".

پەروین بوڵدان لە پەیامێكیشدا بۆ ئاكەپە، وتی:" ئەگەر ئێوە لە ساختەكاریدا بەتوانا بن، خەڵكیش لە ئاشكراكردن و وەڵامدانەوەی ئەو ساختەكارییانەتاندا بەتوانا و وشیارترە. رووبەڕووی شكستێكی وەها دەبنەوە كە نە ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردن نە یاسای هەڵبژاردنیش سوودی نابێت بۆتان".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن