راچڵەكین-
كۆسرەت رەسول عەلی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت، رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان لە رابردوودا و بەتایبەتی لە سەردەمی خەباتی شاخ، رادیۆی گەلی كوردستان بوو، دەنگی هەقبێژو رەوای ئەم میللەتە بوو، دەنگی شۆڕش و مقاوەمەت و جۆشدانی ئەم گەلە بوو.
كۆسرەت رەسول عەلی، لە(٤٣)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردووەتەوەو تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە:" لە راپەڕیندا رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان دەنگی راپەڕین و رزگاركردنی سەرجەم شارو شارۆچكەكانی كوردستان بوو. بۆ ئەمڕۆو داهاتووش، رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان دەبێ دەنگی خەڵك و گەیاندنی پەیامی هەقبێژی بێت."
دەقی پەیامەكە/
بەڕێزان: بەڕێوەبەرو كارمەندانی رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان
(٤٣)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان لە بەڕێوەبەرو كارمەندان و سەرجەم ستافە ماندوونەناسەكەی ئەم رادیۆیە پیرۆز دەكەم، سڵاوی تایبەتم دەنێرم بۆ هەموو ئەو راگەیاندكارو كارمەندانەی لە شاخەوە بۆ شار لەم رادیۆیە مێژووییە كاریان كرد.
رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان لە رابردوودا و بەتایبەتی لە سەردەمی خەباتی شاخ رادیۆی گەلی كوردستان بوو، دەنگی هەقبێژو رەوای ئەم میللەتە بوو، دەنگی شۆڕش و مقاوەمەت و جۆشدانی ئەم گەلە بوو.
لە راپەڕیندا رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان دەنگی راپەڕین و رزگاركردنی سەرجەم شارو شارۆچكەكانی كوردستان بوو.
بۆ ئەمڕۆو داهاتووش، رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان دەبێ دەنگی خەڵك و گەیاندنی پەیامی هەقبێژی بێت، وەك چۆن ئەوێ رۆژێ ئێزگەكە دیاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو بۆ خەڵكی كوردستان و ببووە مینبەری هەموو كوردستان، بۆ داهاتووش بەخۆگونجاندن لەگەڵ پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەكان درێژە بدات بەو خەباتەی لە سەرەتاوە لەپێناوی دامەزراوە، ئومێد دەكەم ئەم یادە بكەنە وێستگەیەكی تازە بۆ پێشخستن و رێكخستنەوەی راگەیاندنی یەكێتی و گونجاندنی لەگەڵ پێشكەوتنە تازەو خێراكانی بوارەكە.
دووبارە پیرۆزبێت ساڵیادی دامەزراندنی رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان و هەمیشە لە لووتكەی سەركەوتن بتانبینم.
كۆسرەت رەسول عەلی
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان