راچڵەكین-
لە مەراسیمێكی تایبەتدا پرۆژەی عەلوەی نوێی ڕۆژئاوای سلێمانی لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كرایەوە.
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەووتەیەكدا رایگەیاند:" ئەم عەلوەیە دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگ نەك تەنها بۆ پارێزگای سلێمانی، بگرە بۆ هەموو عیراق و دەتوانرێت سوودێكی زۆری لێوەربگیرێت."
هاوكات بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ رایگەیاند:" بەرهەمەكانی ئەم عەلوەیە تا بەسرە دەگات و بەپێچەوانەشەوە، بۆیە ئەم عەلوەیە لەپارێزگای سلێمانی نە دەستپێكی كارەكانمانەو نە كۆتایی پرۆژەكانیشمان دەبێت، ئێمە بەردەوام دەبین و دەمانەوێت خزمەتی زیاتر لەبواری كشتوكاڵی پێشكەش بكەین."
لەلایەن خۆشییەوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوەكرد:" عەلوەی نوێی سلێمانی پرۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژییە و هەوڵێكە بۆ فرەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات، رەخساندنی هەلی كار، پاراستنی ئاسایشی خۆراك و بوژانەوەی ئابوری."
عەلوەی رۆژئاوای پارێزگای سلێمانی لەسەر رووبەڕی 103 دۆنم زەوی لەلایەن كۆمپانیانی رۆژێكی نوێ دروستكراوەو شەش سارد كەرەوە بە رووبەری 1000م دوجاو تاقیگەی كوالێتی كۆنترۆڵی پێشكەوتوو لەخۆدەگرێت، هەروەها پرۆژەكە 250 قاتع- بەش و 100 دوكان و بەشی 1500 تۆن خۆراك لەبەشی ساردكەرەوە لەخۆدەگرێت.