بافڵ جەلال تاڵەبانی: مەبەستمانە ریفۆرم لە خوێندنی باڵا بکەین

کوردستان

19/02/2022     ژمارەی بینراو 153

راچڵەکین-

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند،  زانکۆکانی ھەرێم لەجێی متمانەن و لەسەر ئاستی زانکۆکانی عیراق لە یەکەمەکاندان و مەبەستمانە ریفۆرم لە خوێندنی باڵا بکەین.

ئەمڕۆ شەممە بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە خاتوو نەجات بیلکاسم، وەزیری پێشووی خوێندنی باڵا لە فەرەنسا.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی خوێندکاران و گرنگیدان بە توانای گەنجان لەناو یەکێتی و دەستگیرۆییان و راگرتنی ھاوسەنگی جێندەری لە سەرکردایەتیی یەکێتی و توانا و ھێزی ژنان لە سەرکردایەتیکردن، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

بافڵ جەلال تاڵەبانی راشیگەیاند:" زانکۆکانی ھەرێم لەجێی متمانەن و لەسەر ئاستی زانکۆکانی عێراق لە یەکەمەکاندان، کە ئەمە جێگای خۆشحاڵییە و ھانمان دەدات پەرۆشی پێشخستنی زیاتری ئاستی زانستییان بین و ھەوڵبدەین پرۆگرامی خوێندن بە شێوەیەک بێت خوێندکار و گەنجی نموونەیی و بەکار و راھێنراو لە بوارە جیاجیاکاندا بەرھەمبھێنێت، لەگەڵ پێشکەوتنەکاندا و بۆ پێویستی ئەمڕۆ ئامادەیان بکەین".

وتیشی:"مەبەستمانە ریفۆرم بکەین لە خوێندنی باڵا و کەشێکی گونجاوتر بۆ خوێندکاران بڕەخسێنین تا  ھاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دونیای دەرەوە خۆیان نوێبکەنەوە و بەشێوەیەک ئاستی زانستییان گرنگی پێبدرێت تا زانکۆکانمان رۆڵی گرنگی و زیاتر بگێڕن لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی ھەرێم".

ھەر لەدیدارەکەدا لەسەر رێکخستنەوە و گەشەپێدانی ئۆرگانەکانی یەکێتی و ھێنانەپێشەوەی گەنج و ژن و سەرکردایەتیکردنیان لەناو کاری رێکخراوەیی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەرچاوروونیدا و جەختیکردەوە گەنج و لاوان شادەماری بەردەوامی ژیانی حزبیی یەکێتی دەبن و تواناکانیان دەخرێتە خزمەت گەشەپێدانی کاری رێکخراوەیی، لەو نێوەندەشدا ژنان زیاتر دەھێنرێنە پێشەوە و رۆڵیان لە سەرکردایەتیکردندا دەبێت و یەکێتی باوەڕی تەواویشی بە ھاوسەنگی جێندەری ھەیە و پارێزگاریکردن لە مافەکانیشیان بە ئەرکی خۆمان دەزانین.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، چۆنێتی دروستکردنی ھەماھەنگی و پەیوەندی لەنێوان زانکۆکانی ھەرێم، کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و زانکۆکانی دونیای دەرەوە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و چەند میکانیزمێک خرایە بەرباس.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن