راچڵەكین-
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەمشەو گەیشتە بەغدا پایتەختی عیراق، لەكاتێكدا بڕیارە سبەینێ یەكشەممە یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت.
سەردانەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ بەغدا لەكاتێكدایە تائێستا یەكێتی و پارتی نەگەیشتوونەتە رێككەوتن لەسەر پۆستی سەرۆككۆماری عیراق كەلەپشكی كوردە.
هەرچەندە پارتی دیموكراتی كوردستان چەندین جار ئاماژەی بەوەكردووە بەمافی خۆیانی دەزانن پۆستی سەرۆككۆمار بۆ خۆیان بێت، كەلە 2005 وە ئەو پۆستە لای یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، بەڵام دەستنیشانكردنی دوو كاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نویچنەران لەلایەن پارتییەوە، ئاماژەیەكی روونە بەوەی ئەو حزبە دەستبەرداری پۆستی سەرۆككۆمار بووە بۆ یەكێتی، بەڵام تائێستا ئەو دوو لایەنە لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ ئەو پۆستە نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.
هەرچی سوننەی عیراقە، ئەمشەو هاوپەیمانی عەزم و تەقەدوم بە فەرمی محەمەد حەلبوسی-یان بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران كاندید كردەوە.
بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عیراقیش، تائێستا سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە نەگەیشتوونەتە رێككەوتن لەسەر كاندیدەكەی كە سەدر بەشایستەی كوتلەكەی دەزانێت وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان.