راچڵەكین –
حكومەتی عیراق لەرێگەی وەزارەتی پلاندانانەوە، دانانی پلانێكی بۆ چارەسەركردنی كاریگەرییە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەنێوان ساڵانی 2021 و 2023 راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پلاندانانی عیراق، پلانی چارەسەركردنی كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نێوان ساڵانی 2021 و 2023 لەلایەن وەزارەتەكە بە هەماهەنگیی لەگەڵ UNDP ئامادەكراوە، ئەمەش لە هەلومەرجێكی سەخت و ئاڵۆزدا دێت لە دوای تەگەرە گەورە و مەترسیدارەكانی پەتاكە، كە گورزی لە هەموو وڵاتانی جیهان دا و كاریگەریی ئابووری و كۆمەڵایەتی سەختی بەجێهێشت.
لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "عیراق دیدی بۆ چارەسەركردنی كاریگەرییە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی كۆرۆنا داناوە، حكومەتیش رژدە لەسەر دانانی پلانەكە بەجۆرێك كە وەڵامدەرەوەی راستییەكان بێت".
ئەوەش خراوەتەڕوو كە پلانەكە تەواوكەری پلانی پێنج ساڵەی گەشەپێدانی نیشتمانیی 2018 -2022 دەبێت و هاوتەریبە لەگەڵ پلانی چاكسازی حكومەت.
وەزارەتی پلاندانانی عیراق ئاماژە بەوەشداوە كە پلانەكە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاریی و كێشانە دانراوە، كە رێگرە لە گەشەپێدانی وڵات و پەرەپێدان بە توانا پێویستەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەكان و پاراستنی ئاسایش و خزمەتگوزارییە سەرەتاییە كۆمەڵایەتییەكان، لەگەڵ پشتگیری لە گەشەی ئابووریی گشتیی.
بەپێی دوایین ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، كۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیۆن و 60 هەزار كەس، كە 23 هەزار و 271یان گیانیان لەدەستداوەو دوو ملیۆن و نۆ هەزار و 921 كەسیش دوای چارەسەری پزیشكیی چاكبوونەتەوە.