راچڵەکین-
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی تەقینەوەی رۆژی دووشەممەی شاری سەدری بەغدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەو تاوانە نیشانەی ئەوپەڕی بێویژدانی و نامرۆڤبوونی تیرۆریستانە."
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 19-07-2021 لە بازاڕی وحێلاتی ناوچەی سەدری بەغدا تەقینەوەیەک روویدا، بەپێی دوایین ئامارەکانیش تاوەکو ئێستا 30 کەس کوژراون و زیاتر لە 50 کەسیش برینداربوون.
مەسعود بارزانی، لەپەیامەکەیدا دەڵێت:" زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستیە دەكەم كە دوێنێ لە بازاڕێكی شاری سەدر لە بەغدا كرایە سەر هاووڵاتیانی بێ تاوان كە لە ئەنجامدا دەیان هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون".
دەشڵێت:"ئەو تاوانە نیشانەی ئەوپەڕی بێویژدانی و نامرۆڤبوونی تیرۆریستانە كە لە ڕۆژی عەرەفە و لەو كاتەی خەڵك خۆیان بۆ پێشوازی لە جەژن ئامادە دەكرد تاوانێكی قێزەونی لەوشێوەیە ئەنجام دەدەن".
مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە:" ئەوانە دوژمنی ئایین و مرۆڤایەتی و پیرۆزییەكانن و، لە هەموو بەهایەك شۆراون و دەبێ باجی ئەو تاوانەیان بدەن".