راچڵەكین –
پەرلەمانی ئەوروپا لەرێگەی پەسەندكردنی پرۆژەبڕیارێك، گوشار دەخاتە سەر حكومەتی توركیا بۆ باشتركردنی مامەڵەكردن لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەو ئازادكردنی پەرلەمانتارە دەستگیركراوەكانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە).
ئەمڕۆ 8-7-2021، پەرلەمانی ئەوروپا لە كۆبوونەوەیەكدا پرۆژە بڕیارێكی پەسەندكرد، كە تایبەتە بەو گوشارانەی لەلایەن حكومەتی توركیاوە دەخرێتەسەر لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن، بەتایبەتیش پارتی دیموكراتی گەلان.
پەرلەمانی ئەوروپا لە پرۆژەیاسا پەسەندكراوەكەیدا، داوای لە بەرپرسانی توركیا كردووە رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی پۆست و پێگەی هاوسەرۆكانی شارەوانی و پەرلەمانتارانی هەدەپە، هەروەها خۆیشیان بە دوور بگرن لە هاندان و دروستكردنی رق و كینە دژی ئەندام و لایەنگرانی ئەو حزبە.
ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا رەخنەی توندیشیان لە ئەنكەرە گرتووە بەهۆی لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتارێتی لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیۆنی توركیا، داواشیان كردووە بەزووترین كات سەرجەم پەرلەمانتارە دەستگیركراوەكانی هەدەپە لە زیندان ئازادبكرێن و ئەو تۆمەتانەشیان لەسەر لاببرێت كە دراوەتە پاڵیان.