راچڵەکین-
تیرۆرکردنی سەرۆکی هایتی، خۆڤێنێل مۆيس لە ماڵەکەیدا خۆیدا راگەیەنرا.
حکومەتی هایتی رایگەیاند کە خۆڤێنێل مۆيس، سەرۆکی ئەو وڵاتە، لە ئاکامی هێرشی ژمارەیەک کەسی نەناسراودا لە ماڵەکەی خۆیدا تیرۆرکراوە.
بەپێی میدیای هایتی، سەرۆکایەتی دەوڵەتی هایتی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە خۆڤێنێل مۆیس کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئەمڕۆ بەکاتی هەولێر لە ماڵەکەی خۆیدا رووبەڕووی هێرشی ژمارەیەک چەکداری نەناسراو بووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لە هێرشەکەدا، خۆڤێنێل مۆیس گیانی لەدەستداوە و هاوسەرەکەی مارتینی مۆیس برینداربووە و بۆ چارەسەر گواستراوەتەوە نەخۆشخانە.
لە هایتی کە ماوەیەکە ناسەقامگیری سیاسیی دەگوزەرێت، خۆڤێنێل مۆیس لە مانگی شوباتی رابردوودا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندبوو کە هەوڵێک هەیە بۆ کردنەئامانجی ژیانی.
خۆڤێنێل مۆیس راشیگەیاندبوو ''لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ەوە تا ئێستا پیلانگێڕیەک لە دژی دەگێڕدرێت''، هەروەها دەستگیرکردنی ٢٠ کەسیشی سەبارەت بەو رووداوە راگەیاندبوو.