راچڵەكین –
وەزارەتی تەندروستی عیراق رەتیدەكاتەوە پێشنیاری كردبێت لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەریی رابگەیەنرێت، ئەندامێكی تیمی راگەیەندانی وەزارەتەكەش دەڵێت، ئەگەر ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا بەردەوام لەزیادبووندابێت، ئەگەری هەیە داوایەكی لەو جۆرە بكەین.
رەبا فەلاح، ئەندامی تیمی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی عیراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە لە هەندێ كەناڵی راگەیاندن بڵاوبوونەتەوە سەبارەت بە پێشنیاری وەزارەتی تەندروستی بۆ دەركردنی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەری لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا.
لەوبارەیەوە رایگەیاند، پێشنیارێكی لەو جۆرە تاووتوێ كراوە، بەڵام نەكراوەتە راسپاردەو بۆ لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانیی بەرزنەكراوەتەوە.
وتیشی:" دەركردنی هەر بڕیارێكی تایبەت بە رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا، لەوانەش بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ، لە دەسەڵاتی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانیی عیراقە، كە مستەفا كازمی سەرۆكی لیژنەكەیە، نەك وەزارەتی تەندروستی".
ئەو ئەندامەی تیمی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی عیراق، ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر ژمارەی تووشبووانی كۆڕۆنا بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە، ئەوا ئەگەری هەیە پێشنیاری قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەری لەرۆژانی جەژنی رەمەزاندا بۆ لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانیی بەرزبكەینەوە.
دوێنێ چەند میدیایەكی عیراقی بڵاویانكردەوە، وەزارەتی تەندروستی پێشنیاری كردووە هاوشێوەی هەرێمی كوردستان، لەسێ رۆژی جەژنی رەمەزاندا، قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەریی رابگەیەنرێت، ئەمەش وەك هەنگاوێك بۆ بەرگرتن لە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی كۆڕۆنا، كە بەپێی نوێترین ئامارەی وەزارەتەكە، كۆی ژمارەی تووشبووانی كۆڕۆنا لە سەرانسەری عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، گەیشتووەتە ملیۆنێك و 65 هەزار و 199، لەو ژمارەیەش 15 هەزار و 465 كەس گیانیان لەدەستداوە.