عەلی باپیر وەڵامی رەخنەكانی دڵشاد گەرمیانی دەداتەوە

کوردستان

28/03/2021     ژمارەی بینراو 958

راچڵەكین –

سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لەسەر لابردنی پاشگری ئیسلامی لەناوی حزبەكەی، بەوتارێك وەڵامی رەخنەكانی دڵشاد گەرمیانی دەداتەوەو دەڵێت: ئەو كەسانەی توانج و پلارو قسەی ناشایستە دەكەن، با دڵنیابن بەو ڕەفتارە ناشەرعییانەیان، هیچ بەهیچ ناكەن و جگە لەعەیبداریی و گوناهباریی، هیچ ناچننەوە.

عەلی باپیر لەو وتارەیدا كە بەناونیشانی" كۆمەڵ و گۆڕانكاریی لە كوێوە بۆ كوێ"، وەڵامی ئەو رەخنەیەی دڵشاد گەرمیانی داوەتەوە كە ڕایگەیاندبوو ئەم گۆڕانكارییانە بەرنامەی كەسانی دیكەبوون و بە مامۆستا عەلی باپیر جێبەجێكران، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری نوسیویەتی:" ئەو گۆڕانكارییانەی ئەمجارەی كۆمەڵ، سەرەتا لە عەقڵ و دڵی خودی بەندەوە هەڵقوڵیون و، دواتر زۆربەی هەرە زۆری ئەندامانی كۆنگرە تەبەننییان كردن و پشتگیرییان كردن، كەواتە باهیچ كەس لەوبارەوە دوودڵیی و گومانی نەبێ".

عەلی باپیر لەو وتارەیدا داوایكرووە كە بینا لەسەر قسەو فەتوایەكی پێشوو، كە بۆ كات و شوێن و ژینگەو كۆمەڵگایەكی دیكە دراوە، بازنەی قەدەغەكراوەكان لەخەڵك فراوان مەكەن و، بەناهەق و بەبێ بەڵگەی ڕوون و بێ چەندو چوونی شەریعەت، خەڵك مەخەنە دڵەڕاوكەو سەراسیمە‌ییەوە.

سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری بە ناڕاستەوخۆ بە دڵشاد گەرمیانی دەڵێت:" زیاتر هەوڵ بدەن بخوێننەوەو شارەزا بن و، ئاسۆی بیرتان فراوان بكەن، نەك بە باریكە ڕێیەكی تەسك و كەمبەرداو، بە زانیارییەكی كەم و سنووردارەوە بكەونە ڕێ و، خۆتان و خەڵكی نزیكتان دووچاری حاڵەتی دۆگمایی و داخراویی بكەن و، دڵنیاش بن هەمیشە زانیاریی زۆرو فراوان، سینە فراوانیی و، زانیاریی كەم و دەمارگیریی بەرهەم دێنن".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن