راچڵەكین-
ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەوادەی دیاریكراوی خۆی بۆ 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ دواخست.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی- سەرۆكوەزیران و میوانداری ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆبوەوەو، هەردوولا تاوتوێی رێوشوێنەكانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختەیان كرد كە بڕیاربوو لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق بێت، لەكۆبوونەوەكەدا دوای تواتوێكردنی پێشنیارێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان سەبارەت بەدواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ رۆژی 16-10-2021، بریاردرا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق رۆژی 10-10-2021 بەڕێوەبچێت.
پێشتریش موقتەدا سەدر- رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاندبوو، هیواخوازن پێشنیارەكەی كۆمسیۆن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن پیشەییانە بێت و مەبەست لێی خۆئامادەكردنی تەواوی كۆمسیۆنەكە بێت بۆ هەڵبژاردن.