10 ساڵ بەسەر شۆڕشی بەهاری عەرەبیدا تێدەپەڕێت

جیهان

14/01/2021     ژمارەی بینراو 268

راچڵەكین-

- رووخانی رژێمەكەی زەینەل عابدین بن عەلی لە 14ی كانوونی دووەمی 2011دا، كە زیاتر لە 20 ساڵ بە دەستی پۆڵایین تونسی بەڕێوەبرد، لاپەڕەیەكی نوێی بەڕووی جوگرافیای هەموو عەرەبدا كردەوە.

ئەو قۆناغەی لە ژێر ناوی ''بەهاری عەرەبی'' 10 ساڵ پێش ئێستا لە تونس بەدروشمی ''نان، شەرەف و ئازادیی'' سەریهەڵدا و لەماوەیەكی كەمدا ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقای گرتەوە، بە هۆی ''كودەتا، دژە شۆڕش، شەڕی ناوخۆ و دەستوەردانی دەرەكی''ەوە بوو بە زستان.

رووخانی زەینەل عابدین بن عەلی لە 14ی كانوونی دووەمی 2011دا بەرامبەر خۆپیشاندانی گەورەی گەل، كە زیاتر لە 20 ساڵ بە دەستی پۆڵایین تونسی بەڕێوەبرد، تەنیا لاپەڕەیەكی نوێی بەڕووی وڵاتێكی بچووكی باكووری ئەفریقادا نەكردەوە، بەڵكو بەڕووی جوگرافیای هەموو عەرەبدا كردیەوە.

سەرەڕای هەموو ئەو نەهامەتیانەی لە قۆناغەكانی رابردوودا روویاندا، تونس سەركەوتووبوو لە پاراستنی دەستكەوتەكانی بواری مافی كەسی، ئازادییەكان و دیموكراسیی، بەڵام  چاوەڕوانییە ئابوورییەكانی شۆڕش نەهاتنە دی.

 وڵاتی میسر كە دووەم وێستگەی شۆڕشەكە بوو، سەرەڕای رزگاربوون لە حكوومەتە 30 ساڵییەكەی حوسنی موبارەك، بەڵام دواتر بووە قوربانیی كودەتای سەربازیی و، هەژموونی سوپا لەسەر سیاسەت، ئابووریی و كۆمەڵگەی مەدەنی زیاتر بووە.

ئەو وڵاتانەی رژێمی پاشایەتی حوكمیان دەكات، لەو قۆناغەدا بە ئەنجامدانی چاكسازی دەستووری رێژەیی شەپۆلی خۆپیشاندانیان هێواش كردەوە، ئەو رژێمە پاشایەتیانەی دەوڵەمەندن بە نەوت بەتایبەتی سعوودیە هاوكاری كۆمەڵاتیان بۆ هاووڵاتیانیان زیاد كرد، بەوەیش رێگریان كرد لە گەیشتنی شەپۆلی شۆڕش بۆ وڵاتەكەیان. 

بەڵام كاتێ شەپۆلی شۆڕش گەیشتە لیبیا، سووریا و یەمەن كەشێكی پڕ گرژیی ناوچەكەی تەنی و رشتنی خوێن و فرمێسكی لە دوای خۆی جێهێشت كە ناوەستێت. لە كاتێكدا لەو سێ وڵاتەدا شەپۆلی شۆڕش گۆڕاون بۆ شەڕی ناوخۆ، هاوكات توندوتیژی و قەیرانی مرۆیی سەریهەڵداوە كە كاریگەری قوڵیشی لەسەر وڵاتانی دراوسێ و جیهانیش دروست كردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن