ئالان حەمە سەعید: ئامادەنین ژیانی مامۆستاو خوێندكاران بخەینە مەترسییەوە

کوردستان

29/12/2020     ژمارەی بینراو 1123

راچڵەكین-

وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم دەڵێت، چاوەڕێی ھەڵسەنگانی وەزارەتی تەندروستین بۆ دۆخەكە لە كۆبوونەوەی داھاتووی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیار لەسەر دەوامی خوێندنگەكان دەدەن.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە ھەڵەبجە رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەی داھاتووی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، بڕیار لەسەر دەستپێكردنەوەی دەوامی قوتابخانەكان دەدرێت، ھەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی دەبێتە بنەما بڕیاری كۆبوونەوەكە بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام، ئەگەر دۆخەكە لەبار نەبێت ئەوا دەرگای قوتابخانەكان بە داخراوی دەمێننەوە".

وتیشی: "ئێستا وەزارەتی تەندروستی سەرقاڵی ئامدەكردنی راپۆرت و ھەڵسەنگاندنن بۆ دۆخەكە، ھەركاتێك راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی ئامادەبوو كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دەكرێت، ئەگەر پێویست بكات بڕیار لەسەر درێژكردنەوەی داخستنی دەرگای قوتابخانەكان دەدەین".

ئالان حەمەسەعید راشیگەیاند: "كاتێك لە 1/11/2020 بڕیارماندا دەرگای قوتابخانەكان بە داخراوی بمێنێتەوە، بڕیارەكە كاریگەری ئەرێنی ھەبوو، راستە ئێستا ڤاكسینی دژی كۆرۆنا دۆزراوەتەوە، بەڵام ناكرێت ریسك بە ژیانی مامۆستایان و قوتابیان بكەین و بە بەبێ ھەلسەنگاندنی وردی تەندروستی بڕیاری كردنەوەی قوتابخانەكان بدەین".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن