راچڵەكین-
قەبارەی هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە لە مانگی تشرینی دووەم بەرزبووەتەوە بۆ رۆژانە 426 هەزار بەرمیل. لەكاتێكدا هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان لە مانگی تشرینی یەكەم رۆژانە 416 هەزار بەرمیل نەوت بووە.
كۆمپانیای سۆمۆ دوایین ئامارەكانی پەیوەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت لە عێراق و هەرێمی كوردستان راگەیاند، بەگوێرەی ئەو ئامارەش بێت، لە مانگی تشرینی دووەم قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانە لە هەرێمی كوردستان بە رێژەی 2.25٪ بەرزبووەتەوە.
بەپێی ئامارەكانی سۆمۆ، قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە مانگی تشرینی دووەمدا بەراورد بە مانگی تشرینی یەكەم بە رێژەی 5٪ دابەزیوە بۆ رۆژانە 3 ملیۆن و 229 هەزار بەرمیل نەوت.
سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتیش، كۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاندووە، قەبارەی هەناردەكردنی نەوتی عێراق لە مانگی تشرینی دووەم بەراورد بە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بە رێژەی 6٪ دابەزیوە بۆ رۆژانە 2 ملیۆن و 709 هەزار بەرمیل.
كۆمپانیای سۆمۆ ئاماژەی بەوەشكردووە، دابەزینی هەناردەكردنی نەوتی عێراق لە مانگی تشرینی دووەم لەبەر خراپیی كەشوهەوا بووە كە بۆ ماوەی 5 رۆژ بەردەوام بووە.