بۆچی لە سنوری سلێمانی زۆرترین حاڵەتی كۆڕۆنا تۆماركراوە ؟

ڕاپۆرت

05/03/2020     ژمارەی بینراو 5718

راچڵەكین-

دوای راگەیاندنی 8 حاڵەتی  تووشبوانی هەڵگری ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19، لە ئێستادا هەرێمی كوردستان لە ژێر مەترسی زیاتر تەشەنەكردنی ئەو ڤایرۆسەدایە، بە تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەورووبەری، ئەمەش بەهۆی ئەو رێككارە خراپانەی كە لە سەرەتادا لە مەرزی باشماخ و ژمارەیەك دەروازەی فەرمی و نا فەرمی ئەو ناوچانە گیرانە بەر.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی كە لە كەرەنتینەكانن و لەژێر چاودێری پزیشكیدات (٢٥٨٦) هاوڵاتین لە ٢٧ شوێنی جیاواز لە شارەكانی هەولێر (١٢١٤)، سلێمانی (٥٦١)، دهۆك (٣٨٢)، هەلەبجە (١٠٣)، گەرمیان (١٧٦)، ڕاپەڕین (١٣٨)، كۆیە (١٢) وە تیمە تەندروستیەكان چاودێریان دەكەن بۆ چارەسەری پێویست لەكاتی بوونی هەر نیشانەیەكی نەخۆشی و گومانلێكردن.

بەپێی بە دواداچوونەكان و ئەو قسانەی لە كۆبوونەوەكانی چەند ڕۆژی رابردووی حكومەت كراوە، تەنها لە سنووری باشماخ لەسەرەتای قەدەغەكردنی هاتووچۆی هاووڵاتیان ( 1500) كەس لە وڵاتی ئێرانەوە هاتوونەتەوە هەرێمی كوردستان، لەو رێژەیەش تەنها (700)  كەسیان كەرەنتین كراون، ( 800 ) كەسەكەی دیكە نەچوونەتە ناو ئەو پڕۆسەیە، ئەوەش نیگەرانی حكومەتی لێكەوتۆتەوە، لەسەر ئەو مەسەلەس حكومەت قائیمقامی پێنجوێن و پاێزگاری سلێمانی بە بەرپرس دەزانێت.

هەرچەندە لەسەرەتادا حكومەتی هەرێمی كوردستان ویستی لیژنەیەك بۆ لێكۆڵێنەوە بۆ دیاریكردنی ئەو كەسانەی كە كەم تەرخەم بوون پێكبهێنێت، بەڵام دواتر ئەو مەسەلەیە داخرا.
زۆربەی ئەو حاڵەتانەی لە سلێمانی تۆماركراون، لەو هاووڵاتیانە بوون كە لە وڵاتی ئێران گەڕاونەتەوە، ئەمەش مەترسی زیاتری دروستكردوە، بەهۆكاری ئەوەی جگە لەوەی (800)  كەس كەرەنتینە نەكراون، بەشێكی دیكە لە دەروازە فەرمی و نا فەرمییەكانی سنووری راپەرین و گەرمیان و هەڵەبجە هاتوونەتەوە هەرێمی كوردستان و حكومەتیش دەستە وەستانە لە ئاستی پشكنین و خستنە ژێر چاودێریان.

بەرپرسانی باڵای  حكومەتی هەرێم، لەسەر ئەوەی بەشێك لەو هاووڵاتیانەی كە خۆیان لە تیمەكانی تەندروستی شاردۆتەوە دەخەنە ئەستۆی پارێزگاری سلێمانی، بەو پێیەی ناوبراو لەسەرەتادا بۆچوونی وابووە هاوڵاتیان كەرەنتینە نەكرێن، بەڵكو لە نەخۆشخانە و ماڵەكانی خۆیان بخرێتە ژێر چاودێری، ئەوەش دەرفەتی رەخساند زۆرێك لە هاووڵاتیان نەچنە ناو پڕۆسەی كەرنتینەكردنەوە، بەمەش لە دەروازە و مەرزەكان ئاسانكاریان بۆ كرا.

هەرچی سنووری پارێزگاری هەولێرە، تاوەكو ئێستا هیچ حاڵەتێك بە فەرمی تاوەكو دوێنێ شەو تۆمارنەكراوە، بەڵام بەپێی مەزەندە و پێشبینییەكانی تەندروستی هەولێر و پارێزگای هەولێر، بەشێك لەو كەسانەی هاتونەتەوە گومانیان لێدەكرێت هەلگری ئەو ڤایرۆسە بن، لە ئێستاشدا هەریەك لە نەخۆشخانەكانی ( پێشمەرگە و فریاكەوتنی ناوەند و نەخۆشخانەی ئیماڕاتی و فریاكەوتنی ڕۆژئاوا ) بۆ پلانی ئەی و بی  و سی ئامادەكراون.

لە سنووری پارێزگای هەولێر ژمارەیەك كەس لە رێگەی واستە و قاچاغەوە خۆیان لە كەرەنتینەكردن دزیوەتەوە، بەڵام بەوشێوە بەر بڵاوە نییە كە لە سنووری سلێمانی هەیە. بەشێك لەو كەسانەی لە سنووری مەرزی حاجی ئۆمەران نەیانتوانیوە بێنەوە هەرێمی كوردستان، لە دیوی ئێرانەوە چوونە مەرزەكانی سنووری ئیدارەی پارێزگای سلێمانی، چونكە ئەو شوێنانە ئاسانتربووە بۆ گەڕانەوەیان.

حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی جگە لەوەی كێشەی ئامێرو پێداویستی و كەل  و پەلی پزیشكی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە هەیە، لە هەمانكاتیشدا كێشەیەكی دیكەی گەورەی هەیە كە دەزگا ئەمنییەكان لە نێوشیان پۆلیس و لەگەڵ كارمەند و پزیشكانی وەزارەتی تەندروستی بەهۆی ترسیان لە تووشبوون بەو نەخۆشییە ئامامادە نین مامەڵە لەگەڵ ئەو كەیسانە بكەن، ئەمەش لە كۆبوونەوەكانی ئەم دوایەی حكومەت بە راشكاوانە باسكراوە.

بۆ نمونە كارمەندێكی پۆلیس ئامادە نییە هەڵبكوتێتە سەر ماڵی كەسێك كە خۆی دزیبێتەوە لە كەرەنتینەكردن، بەهۆی ترسی تووشبوونی، ئەمە بۆ كارمەندێكی تەندروستیش راستە لە چونكە پزیشك و كارمەندانی تەندروستیش كەمترینیان ئامادەییان هەیە، چاودێری ئەو جۆرە نەخۆشیانە بكەن، هەربۆیە حكومەت لە هەوڵدایە دەرماڵەیەك بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بكات.

یەكێك لە كێشەكانی دیكەی حكومەت ئەوەیە تاوەكو ئێستا هۆشیاری تەندروستی لە لایەن هاووڵاتیان وەكو پێویست نییە و سەرەڕای ئەوەی كۆمەڵێك بڕیار لە بارەی داخستنی زانكۆ و خوێندگا و شوێنە گشتییەكان دران، بەڵام هێشتا كۆبوونەوە و قەرەباڵەغی لە زۆر شوێن و ناوچە هەن و هاووڵاتیان گوێ بەو رێنمایانە نادەن كە بڵاوكراونەتەوە.

كەمی كیت و ئامێری پێویست بۆ پشكنین گومان لێكراوان، یەكێكی دیكەیە لە گرفتەكان، حكومەت چاوڕێی بەغدا و رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەكات و تاوەكو كیت و ئامێری زیاتریان بۆ بنێرێت.

بڵاوكردنەوەی ئەو زانیاریانە لە پێناوی زیاتر هۆشیاری و خۆپاراستنی هاووڵاتیانە، نەك ترس و تۆقاندن، ئەوەش وەكو بەپرسیاریەتیەكی ئەخلاقی و میدیایی، كە لەسەر شانی میدیاكانە، تاوەكو لە كاتی هەبوونی قەیران بۆ هاووڵاتیانی روونبكەنەوە.

سەرتیپ قەشقەیی


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن