نێچیرڤان بارزانی و جێمس كلیڤەر
راچڵەكین-
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، پێویستە ئیرادەیەكی سیاسی لە عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا هەبێت و سیستەمی فیدراڵی وەك لە دەستووردا هاتووە بە بنەما بگرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم ، ئەمڕۆ سێشەممە نێچیرڤان بارزانی- سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی كردووە لە جێمس كلیڤەرلی- وەزیری بەریتانیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقاو، جـێمس هیپی وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری هێزە چەكدارەكان، لەكۆبوونەوەیەكیشدا دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و كێشەكانی هەولێر و بەغدا و بەردەوامیی مەترسییەكان و هەڕەشەكانی داعش تاوتوێ كران، هەردوولاش هاوڕابوون كە بۆ شەڕی دژی تیرۆر هێشتا هاوكاری و پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان پێویستە".
بەپێی راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم "وەزیرانی بەریتانیا سوپاس و پێزانینی وڵاتەكەیان بۆ رۆڵی هەرێمی كوردستان و قارەمانیەتی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر و تێكشكاندنی داعشدا دووپاتكردەوە و رایانگەیاندووە بەریتانیا لە هاوكاری و پشتگیریی هەرێمی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی یەكجارەكی تیرۆر و مەترسییەكانی داعش و یارمەتیدانی هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان بەردەوام دەبێت".
راشیانگەیاندووە كە لە كۆبوونەوەكەدا "هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، پەرەسەندنەكانی ناوچەكە بەگشتی، دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە".