شنگال؛ پلانی بڵاوكردنەوەی هێزە ئەمنییەكانی عیراق چووە بواری جێبەجێكردنەوە

عێراق

01/12/2020     ژمارەی بینراو 597

شەنگال- سوپای عیراق

راچڵەكین-

سوپای عێراق رایگەیاند، جێبەجێكردنی پلانی بڵاوكردنەوەی ھێزە ئەمنییەكان لە سەنتەری قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا دەستیپێكردووە.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكانی عێراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی رۆژئاوای نەینەوا، دەستی كردووە بە جێبەجێكردنی پلانی بڵاوكردنەوەی ھێزە ئەمنییەكان لە سەنتەری قەزای شنگال و ھاتووە: "لە چوارچێوەی پلانەكەدا، دووبارە دابەشكردنی یەكەكان و بەرپرسیارییەتی ھێزە ئەمنییەكان بە ئامانجی بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری و رەخساندنی كەشێكی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان لە شنگال دیارییكراوە".

ئاماژە بەوەشكراوە: "ھێزە ئەمنییەكان بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری رێوشوێنەكان تا ئەو كاتەی بەتەواوی ئاسایش و سەقامگیری لە قەزای شنگال و یەكە كارگێرییەكانی بەدی دێت".

پێشتر، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق، رایگەیاندبوو، رێككەوتنێكی مێژوویی كراوە كە دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور لەسەر ئاستی كارگێڕی و ئەمنی لە شنگال پتەوتر دەكات.

رۆژی نۆی تشرینی یەكەمی رابردوو، ھەولێر و بەغدا لەسەر دروستكردنی ئیدارەیەكی نوێ بۆ شنگال رێككەوتن.

بەپێی رێككەوتنەكە، ئیدارەیەكی ھاوبەش لەنێوان حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەكرێت و دۆسیەی ئەمنی شارەكە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەكەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت.

دانیشتوانی شنگال، دوای ساڵی ٢٠١٤ بەھۆی ھێرشی داعشەوە ناوچەكەیان چۆڵكردبوو و ئاوارە بوون،  چاوەڕوان دەكرێت واژووكردنی رێككەوتنی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا رێگە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە خۆش بكات كە بەشێكی زۆریان لە دۆخێكی ناھەموار لە كەمپەكاندا دەژین. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن