موسلم شەهدان
راچڵەكین-
فەرماندەیەكی سوپای پاسداران بە ناوی موسلم شەهدان لە ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانی لە پارێزگای دێرزۆر لە رۆژهەڵاتی سووریا، كوژرا.
موسلم شەهدان و پاسەوانەكانی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە كاتێكدا لە سنووری عێراق-ەوە چوونەتە ناو خاكی سووریاو چەكیان بۆ ئەو وڵاتە گواستووەتەوە، لە نزیك گوندی سووەییە سەربە شارۆچكەی ئەبوكەمال لە پارێزگای دێرزۆر، لەهێرشێكی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان ئۆتۆمبێلەكەیان كراوەتە ئامانج و كوژراون.
لەو هێرشەدا جگە موسلم شەهدان، هەرسێ پاسەوانەكە كوژراون، تا ئێستاش هیچ لایەنێك بەرپرسیاریەتی خۆی لە پەلامارەكە رانەگەیاندووە.
پارێزگای دێرزۆر دەكەوێتە سەر ئەو رێگایەی كە ئێران بە لوبنان-ەوە دەبەستێتەوە، هەروەها بۆڕی نەوتی عێراق-ئوردن و رێگا بازرگانییەكان، بەم شارەدا تێپەڕدەبن.
ناوەند و رۆژئاوای دێرزۆر كە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی رێكخراوی تیرۆریستیی داعشدا بوو لە تشرینی دووەمی ٢٠١٧دا بە یارمەتی رووسیا و گروپە چەكدارییە ئێرانییەكان، لەلایەن رژێمی ئەسەد-ەوە كۆنترۆڵ كرایەوە.
لە ئێستاشدا بەشێكی زۆری چەكدارە ئێرانییەكان لەم پارێزگایەدان كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی عەرەبی سوننە مەزهەبن.