پەرلەمانی ئێران
راچڵەكین-
پەرلەمانی ئێران پرۆژە یاسای بەرزكردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی 20% و زیادكردنی یەدەگی یۆرانیۆمی كەم پیتێنراوى پەسەند كرد.
هەنگاوەكەی پەرلەمانی ئێران گەڕانەوەیە بۆ پێش رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 لە ساڵی 2015دا، هاوكات وەك كاردانەوەیەك سەیر دەكرێت بەرامبەر سزاكانی ئەمریكا.
یاساكەی پەرلەمانی ئێران بەناوی " نەخشەی كاری ستراتیژی بۆ هەڵگرتنی سزاكان و پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییەكانی گەلی ئێران"ەو 248 پەرلەمانتار دەنگیان لەسەر داوە، بۆ جێبەجێكردنی یاساكەش پێویست دەكات ئەنجومەنی چاودێریكردنی دەستوری ئێران پەسەندى بكات.
بەگوێرەی یاساكە پێویستە حكومەت رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم 20% بەرزبكاتەوە، كەساڵانە دەگاتە 120 كیلۆگرام و پرۆسەكەش لە بنكەی فۆردو جێبەجێدەكرێت، لەكاتی گەڕانەوەشدا بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی، دەبێت پەرلەمان ناوەڕۆكی گفتوگۆكان پەسەندبكات.