راچڵەكین-
حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بەراگرتنی سەرجەم رێورەسمە ئاینییەكان لە (مزگەوت، كڵێسا و پەرستگاكان) بە گوتاری هەینی مزگەوتەكانیشەوە، لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان هەتا كاتێكی نادیار رابگیرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4-3-2020 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت ، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا ، گفتوگۆ دەربارەی دوایین رێكار و ئامادەكارییەكانی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و بەدواداچوونی جێبەجێكردنی بڕیار و رێنماییە تەندروستییەكان كرا.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی كردەوە لە سەر ئەوەی حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵێكی خۆی دەدات و لە چوارچێوەی ئەركی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی، هەرچی پێویست بوو دەیكات بۆ پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان . لەمڕووەوە لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا:
یەكەم: لە روانگەی ئەوەی پەیام و ئامانجی سەرەكی هەموو ئاینەكان ، پاراستنی روح وجەستەی مرۆڤە، هەروەها بەهۆی تۆماركردنی چەند كەیسێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی ، بۆیە دوای راگرتنی خوێندن لە ناوەندەكانی خوێندن و راگرتنی چالاكیی شوێن وسەنتەرەكانی گردبوونەوەی هاووڵاتیان، لەپێناوی خۆپارێزیی، بڕیاردرا سەرجەم رێورەسمە ئاینییەكان لە (مزگەوت، كڵێسا و پەرستگاكان) بە گوتاری هەینی مزگەوتەكانیشەوە، لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان هەتا كاتێكی نادیار رابگیرێت.
دووەم: جەختكردنەوە لە سەر بەردەوامیی دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانی نەخۆشخانە و كەرەنتین و بنكەكانی دەروازە سنوورییەكان لە هەرێمی كوردستان.
سێیەم: رێوشوێنی پێویست و زیاتر بۆ سنوورداركردنی هاتووچۆ لە بنكە و بازگە و دەروازە سنوورییەكان بگیرێتەبەر بەبێ ئەوەی كار لە وەستانی جموجۆڵی بازرگانی بكات.
چوارەم: بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی ئەو زیانانەی كە بە هۆی رێكارەكانی خۆپارێزی بەر خاوەنی شوێنە بازرگانییەكان دەكەوێت . ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە راسپاردنی وەزیرە پەیوەندیدارەكان بە جێبەجێكردنی رێكاری یاسایی پێویست لە رێگەی چاوخشاندنەوە بە كرێ و باجی داهاتی ئەو شوێنانە و بە ئاراستەی كەمكردنەوەیان بە جۆرێك رەچاوی زیانە داراییەكانیان بكرێت. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتە پەیوەندارەكان رێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە دەردەكەن.
پێنجەم: پێویستە لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو رێكارە تەندروستییەكان لە كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران بگرنەبەر . بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگی لە گەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان بكرێت.