محەمەد حاجی مەحمود پشتیوانی لە جۆ بادین دەكات
راچڵەكین –
سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، پشتیوانی خۆی بۆ جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا رادەگەیەنێت و رەخنەی توندیش لە دۆناڵد ترەم دەگرێت كە لە سەردەمی ئەودا 51%ی خاكی كوردستان و بەشێك لە خاكی رۆژئاوای كوردستان لەدەست كورد دەرهێنرا.
محەمەدی حاجی مەحمود لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەمریكا، پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، هەرچەندە حزبەكەی ترەمپ لە حزبەكەی بایدن بۆ كورد باشتر بوو، بەڵام ترەمپ لە هەردوو حزبەكە بۆ كورد خراپتر بوو، ئەو تانك و چەكی دوا مۆدێلی تەكنەلۆجیای دا بە عێراق و دژی كورد وەستایەوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، پێشمەرگە بە چەكی ئەمریكیی ترەمپ و ئەمری پەرلەمان و بە جێبەجێكردنی عەبادی، كەركوك و خانەقین و دوز و داقوق و دبس و مەخمور و عەین زالە و سنجاریان تەسلیم بە عەرەب كردەوەو كورد 51% خاكی كوردستانی لە دەستدا، لە رۆژئاوای كوردستانیش، ترەمپ لە ڕێگای نوێنەری تایبەتی خۆیەوە عەفرین و سەرێكانی و زۆر ناوچەی دیكەی بە رەسمی تەسلیمی توركیا كرد.
لەبەر ئە هۆكارانە، محەممەدی حاجی مەحموود دەڵێت، هەر كوردێك لە هەر كوێی جیهاندا بێت دەبێ پشتیوانی لە بایدن بكات، هیوای ئەوەشی خواستووە خەڵكی ئەمریكاش دەرك بەو راستییانە بكەن.
راشیگەیاندووە، لە هەموو حاڵەتەكاندا دەرچوونەوەی ترەمپ كارەساتی گەورەتری بە دواوەیە، هەرچەندە كورد رەنگە ئەو ژمارەیە نەبێت گۆڕانكاریی گەورە لەسەر هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا دابنێت یان بكات.
سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە پەیامەكەیدا باسی لەوەشكردووە كە كەسایەتی سەرۆك دەتوانێت رارەوەكە بگۆڕێت لەوەی ئێستا هەیە، راشیگەیاند: ئومێدی سەركەوتن بۆ بایدن و كۆشكی سپی دەخوازم.