رەجەب تەیب ئەردۆغان
راچڵەكین-
سەرۆككۆماری توركیا دەڵێت، سنووری ولاتەكەی واڵایە لەبەردەم ئەو كۆچبەرانەی دەیانەوێت بچنە ئەوروپا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ شەممە 29-2-2020 لە كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی پارتەكەی "ئاكەپە" راگەیاند:"چەندین جار رامانگەیاندووە، ئەگەر هاتوو بارودۆخەكە بەو شێوەیە بڕوات ئەوا ناچارین سنوورەكان بەرووی كۆچبەراندا بكەینەوە، بڕوایان پێنەكردین، بەقسەكانمان بێزار دەبوون، دوێنێ هەیینی سنوورەكانمان واڵاكرد."
وتیشی:" تابەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە نزیكەی 18 هەزار كۆچبەر سنوورەكانیان بەرەو ئەوروپا تێپەڕاندووە، ئەگەریش زۆرە ئەو ژمارەیە ئەمڕۆ بگاتە 25-30 هەزار كەس، بەنیازیش نین سنوورەكان دابخەین."
ئەردۆغان ووتی:" نزیكەی 4 ملیۆن كەس روو لەسنوورەكانی توركیا دەكەن بەهۆی هێرشەكانی رژێمی سوریا، لەو ژمارەیەش 1 ملیۆن و 500 هەزاریان ئێستا لەسەر سنوورەكانی توركیان."
ئەردۆغان زیاتر دوای ووتی، ئەنگێلا مێركل-ی راوێژكاری ئەڵمانیا بەڵێنی داوە بەبڕی 25 ملیۆن یۆرۆ هاوكاری توركیا بكات بۆ دروستكردنی كەمپێك بۆ ئاوارەكانی سوریا، بەڵام بەووتەی ئەردۆغان مێركل ئەو بەڵێنەی جێبەجێنەكردووە.
سەرۆككۆماری توركیا رایگەیاند:" ئێستا لە جیاتی ئەوەی مێركل 25 ملیۆن یۆرمان بۆ بنیرێت ئەوا ئێمە 100 ملیۆن یۆرۆتان بۆ رەوانەدەكەین."