فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی بەغدا، ئەمڕۆ دووشەممە 20-1-2020 ئاماژەی بەوەكردووە:" دوای ئەوەی لەلایەن چەند گروپێكی توندڕەو هەوڵدرا، رێگا سەرەكییەكانی بەغدا دابخرێت، لەئێستادا هێزەكانیان تەواوی ئەو رێگایانە بەڕووی هاتوچۆدا كردووەتەوە."
هاوكات، سوپاسی ئەو خۆپیشاندەرانە كراوە كە هاوكاری هێزەئەمنییەكانیان كردووە لەكردنەوەی رێگاكان و رێگریكردن لەداخستنیان.
ئەوەش لەكاتێكدا دێت ئەمڕۆ، ئەو مۆڵەتە كۆتایی هات كەلەلایەن خۆپیشاندەرانەوە درابوو بە حكوومەتی كاربەڕێكەر و پارتە دەسەڵاتدارەكانی عیراق تا كەسێكی سەربەخۆ بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەست نیشان بكەن، هەروەها بكوژانی چالاكوانانی خۆپیشاندانەكان سزا بدەن.
لەلایەكی ترەوە لەهەریەك لە پارێزگاكانی واست، زیقار، دیوانیە، نەجەف و بابل، ئەمڕۆ كراوەتە پشووی فەرمی.
سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو، خۆپیشاندان زۆربەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراقی گرتەوە، هەرچەندە سەرەتا خۆپیشاندەران داوای باشتركردنی ژیانیان و دابینكردنی خزمەتگوزاری دەكرد، بەڵام دواتر داواكارییەكان فراوانبوون بۆ دەستلەكار كێشانەوەی حكومەت و بنبڕكردنی گەندەڵی و پێكهێنانی حكومەتێك كە ئەندامەكانی پێشتر لەهیچ كایەیەكی سیاسیدا رۆڵیان نەبووبێت.
فشاری خۆپیشاندەران وایكرد، كۆتایی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیران دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش بكات و دواتر لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسەندكرا، بەڵام لەو ساتەوە تائێستا نەتوانراوە كەسێك بۆ پۆستەكەی عەبدولمەهدی دەستنیشانبكرێت بەهۆی ئەوەی تەواوی ئەو ناوانەی پێشكەشكراون لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕەتكراونەتەوە.