وەڵامی چەند پرسیارێکی باو له‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌كانی چاو

تەندروستی

29/08/2020     ژمارەی بینراو 3101

وەڵامی چەند پرسیارێکی باو له‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌كانی چاو


ڕاچڵه‌كین-
ئه‌و پرسیارانه‌ی‌ له‌باره‌ی‌ ته‌ندروستی چاوه‌كانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی‌ پزیشكی پسپۆڕی ئه‌م بواره‌ ده‌كرێت زۆره‌،دكتۆر ئه‌بوبه‌كر پسپۆری نەخۆشی و نەشتەرگەری چاو له‌م بابه‌ته‌دا وه‌ڵامی كۆمه‌ڵێك پرسیاری تایبه‌تی به‌ نه‌خۆشییه‌كانی چاو داوه‌ته‌وه‌.

١. دکتۆر ماوەیەکە عەینەک لە چاو دەکەم بەڵام چاوم هەر چاکنەبوونەوە؟

عەینەک چاو چاکناکاتەوە، دەرەجەکەشی ڕاناگرێت ئەگەر بەرەو زیادی بچێت بە عەینەک راناوەستێت، لەچاوکردنی عەینەک لە کەسانی گەورە مەبەست لێی بینینێکی ڕوونتر و باشترکردنی تەرکیز و کەمکردنەوەی ژانەسەر کە زۆرجار بەهۆی کزی چاو روودەدات لەو کاتەی کە عەینەکەکەت لەچاوە، واتا عەینەک کاریگەری بەردەوام لەسەر چاو بەجێناهێلێت لە گەورە دا ، بەڵام لە منداڵ سەرەرای هەمان ئەو کاریگەریانەی کە کە لە گەورە هەیەتی کاتێک کە عەینەک لەچاو دەکات هەروەها هەندێکجار رێگر دەبێت لە تەمبەڵبوونی چاو هەروەها ڕاستکردنەوەی خێلی چاو لەو منداڵانەی کە هۆکاری خێلییەکەیان کزی چاوە.

٢. دکتۆر دەڵێن ئەوەی نەشتەرگەری ئاوی سپی کردبێت و عەدەسە لە چاوی بێت ناتوانێت عەینەک بەکاربێنێت؟

زۆر جار دوای نەشتەرگەری ئاوی سپی نەخۆش پێویستی بە چاویلکە نابێت بۆ بینینی دوور، بەڵام زۆربەیان بۆ بینینی شتی وورد و نزیک پێویستیان بە چاویلکە دەبێت، زۆر ئاساییە کەسێک نەشتەرگەری ئاوی سپی کردبێت، چاویلکە بەکاربێنێت بۆ بینینی دوور یان نزیک یان هەردووکیان.

٣. دەڵین لە فلانە وڵات چاو دەگۆرن واتا چاوەکە لادەبەن چاوێکی دیکە لە شوێنی دادەنێن!

لە هیچ شوێنێکی دنیا گۆرینی چاو نییە ئەوەی هەیە تەنها گۆڕینی گلێنەی چاوە. دەکرێت چاوی دەستکرد دابنرێت بە مەبەستی جوانکاری بەڵام توانای بینینی نییە.

٤. دکتۆر دەکرێت تۆرە (شەبەکە)ی چاو بچێنرێت؟

ناتوانرێت تۆرەی چاوی کەسێک لە چاوی کەسێکی دیکە دابنرێت، ئەوەی هەیە تەنها گواستنەوەی بەشێکی تۆڕەی هەمان چاوە بۆ شوێنێکی دیکەی چاوەکە کە ئەویش زۆر بە دەگمەن ئەنجامدەدرێت.

٥. دکتۆر دەکرێت رەنگی چاو بە یەکجاری بگۆردرێت؟
بەڵی دەکرێت بە دوو ڕێگا، بەدانانی رەنگێنەی چاوی دەستکرد یان بە ئەنجامدانی لێزەر بۆ رەنگێنەی چاو،بەڵام کردنی سەلامەت نییە و زۆرجار دەبێتە هۆی ئاوی رەشی چاو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن